نەتەوەیەکگرتووەکان: لە 6 مانگدا 612 کەس لە ئێران لەسێدارەدراون

وێنەیەکی گۆڕەپانی ئازادی لە شاری تارانی پایتەختی ئێران
وێنەیەکی گۆڕەپانی ئازادی لە شاری تارانی پایتەختی ئێران

نووسینگەی مافی مرۆڤی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لە دوایین راپۆرتیدا رایگەیاند، لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا لە ئێران، 612 کەس بە تاوانی جۆراوجۆر لەسێدارەدراون.

لە راپۆرتەکەی نەتەوەیەکگرتووەکاندا هاتووە، رێژەی لەسێدارەدان بەراورد بە ساڵی رابردوو کە 297 کەس بوون، دوو هێندە زیادیکردووە.

ڤۆڵکەر تورک، کۆمیسیاری باڵای مافی مرۆڤی نەتەوەیەکگرتووەکان داوا دەکات دەستبەجێ سزای سێدارە لە ئێران رابگیرێت و دەڵێت، ئامارەکانی زیادبوونی سزای لەسێدارەدان لە وڵاتەکە نیگەرانکەرە.

تورک دەشڵێت، "زۆرینەی کەیسەکانی لەسێدارەدان لە ئێران لە پشت دەرگا داخراوەکان بڕیاریان لەسەر دەدرێت و دادپەروەرانە مامەڵە لەگەڵ کەیسەکان ناکرێت."

کۆمیسیاری باڵای مافی مرۆڤی نەتەوەیەکگرتووەکان گوتیشی، ئێستا 48 کەسی دیکە لەسەروبەندی لەسێدارەداندان و 12 لەو کەیسانە لە دۆخی زۆر نزیکی جێبەجێکردنی سزاکانیاندان.

بەگوێرەی نووسینگەی مافی مرۆڤی نەتەوەیەکگرتووەکان "40%ـی کەیسەکانی لەسێدارەدانی شەش مانگی ئەمساڵ، پەیوەستن بە ماددەی هۆشبەر، کەیسەکانی دیکە پەیوەستبوون بە تاوانی گشتی، لەوانە جەنگ دژی خودا و خراپەکاری لەسەر زەوی".

لەکاتێکدایە 27ـی ئەم مانگە دەسەڵاتی دادی ئێران رایگەیاند، "بەتۆمەتی، دژایەتیکردنی خودا، هەڵگەڕانەوەی چەکداری، خراپەکاری لەسەر زەوی، ئەندامبوون لە گرووپی موجاهدینی خەلق و دروستکردنی مەترسی بۆسەر ئاسایش و کۆمەڵگەی ئێران"، دوو ئەندامی رێکخراوی موجاهدینی خەلقیان لەسێدارەدا.