هەموو ئەوەی پێویستە دەربارەی گەشکە بیزانیت
گەشکە، گۆڕانی لەناکاوی جووڵە، هەست و ئاگاییە، بەهۆی گۆڕان لە ئاماژە کارەباییەکانی ناو مێشکدا روودەدات. نیشانەکانی ئەم دۆخە بریتینلە: جووڵەی دووبارە، رەقبوون، لەدەستدانی کۆنترۆڵ و لە هەندێک حاڵەتدا، گۆڕانی ئاگایی. هەندێکجار ئەم حاڵەتە دەکرێت نیشانەی نەخۆشییەک بێت، هەندێکجاریش خۆی دەبێتە هۆی برینداربوون و ئازارگەیشتن بە کەسەکە. بۆیە گرنگە لە کاتی روودانی گەشکە، سەردانی نەخۆشخانە بکرێت بۆ وەرگرتنی چارەسەری پێویست.
جۆرەکانی گەشکە
سێ جۆری سەرەکیی گەشکە هەیە. لەسەر بنەمای تێوەگلانی بەشە جیاوازەکانی مێشک دابەشکراوون، بۆنموونە؛ لە گەشکەی ناوچەییدا تەنیا بەشێکی مێشک تێوەدەگلێت، وەکو بەشی بەرپرس لە جووڵەی قاچێک، دەستێک یان لایەکی جەستە، بەڵام لە گەشکەی گشتیدا، ئاماژە کارەباییەکانی هەموو مێشک تێکدەچن، ئەمە کاردەکاتە سەر هەموو جەستە و کەسەکە ئاگایی لەدەستدەدات.
لە کاتی گەشکەدا چی روودەدات؟
هەندێکجار، لەوانەیە بەرلە روودانی گەشکە، کەسەکە چەند نیشانەیەکی سەرەتایی هەبێت، وەکو:-
- لەناکاو هەستکردن بە ترس یان دڵەڕاوکێیەکی زۆر
- سەرگێژبوون
- گۆڕان لە بینایی
- سەرئێشە
- دێژاڤو، کەسەکە هەست دەکات ئەو رووداوەی ئێستا روودەدات، پێشتر بەسەری هاتووە و بینیوویەتی
- گۆڕانی مەزاج
- تامی جیاواز لە دەمدا
نیشانەکانی گەشکە چین؟
- لەهۆشخۆچوون
- جووڵەی دووبارەی خۆنەویست
- دەردانی لیک و کەف لە دەمەوە
- کەوتن
- ددانجیڕکردنەوە
- گازگرتن لە زمان
- جووڵەی لەناکاو و خێرای چاو
- دەرکردنی دەنگی جیاواز، وەکو ناڵەناڵ
- میزبەخۆداکردن
هۆکارەکانی گەشکە چین؟
- هەوکردنی مێشک
- بەرکەوتنی زەبر بە مێشک
- هەناسەگیران
- بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر
- وازهێنان لە ماددەی هۆشبەر پاش بەکارهێنان بۆ ماوەیەکی زۆر
- تێكچوونی هاوسەنگیی تواوەکانی جەستە
- لێدانی کارەبا
- بەرزبوونەوەی لەرادەبەدەری فشاری خوێن
- تا
- پەککەوتنی گورچیلە و جگەر
- دابەزینی شەکری خوێن
- جەڵتەی مێشک
- شێرپەنجەی مێشک
- وازهێنان لە کحول
چارەسەر چییە؟
چارەسەری گەشکە بەگوێرەی هۆکارەکەی دەگۆڕێت، بەڵام بەگشتی کۆمەڵێک رێگە هەن دەکرێت پزیشک بیانگرێتە بەر بۆ چارەسەر، بۆنموونە؛ بەکارهێنانی دەرمانی دژەگەشکە، نەشتەرگەری، چالاککردنی دەماری و رێنمایی گۆڕینی شێوازی خۆراک.
چۆن رێگری لە گەشکە دەکرێت؟
لە زۆرینەی حاڵەتەکاندا، گەشکە رێگریی لێ ناکرێت، بەڵام دەکرێت چەند هەنگاوێک بگیرێنەبەر بۆ کەمکردنەوەی ئەگەری روودان:
- خەوی پێویست و رێک
- خۆراکی تەندروست
- وەرزشکردن
- گرتنەبەری ئەو رێگایانەی دەبنە هۆی کەمکردنەوەی گوشاری دەروونی
- دوورکەوتنەوە لە ماددە هۆشبەرەکان
21/10/2023