لە سلێمانی خواست لەسەر ئاوی شەمعەکان زیادیکردووە
گرفتی کەمئاوی لە هەرێمی کوردستان بە گشتی سەریهەڵداوە، لە شاری سلێمانی، خواست لەسەر ئاوی شەمعەکان زیادیکردووە و شۆفێرانی تانکەری ئاویش دەڵێن، بێ ئاوی زۆر زیادیکردووە و فشار لەسەريان زیادبووە.
بە گوتەی شۆفێری تانکەرێکی ئاو بۆ کەناڵ،8 "هاونیشتمانییان زۆریان بۆ هێناون" و دەشڵێت، سەدان پەیوەندیم بۆ هاتووە، "داوای ئاو دەکەن و ناتوانین هەمووی دابینبکەین".
ئەوەشی خستەڕوو، ئەوان سێ بۆ چوار کاتژمێر لە نۆرەدا دەوەستن بۆ وەرگرتنی ئاوەکە، کە ئەوان دەتوانن چوار هەزار لیتر ئاو بگوازنەوە و دەشڵێت، ئەگەر جاران تانکەری ئاوەکەیان بە چوار خولەک پڕ بووبێت ئەوا ئێستا پێویستیان بە زیاد لە 10 خولەکە.
ئەو شۆفێرە روونیشیکردەوە، ئەوان لە کاتژمێر حەوتی بەیانییەوە تاوەکو هەشتی شەو کاردەکەن و بۆ شوێنە نزیکەکانی ناوشار بە 15 هەزار ئاو دەگوازنەوە و بۆ شوێنە دوورەکانیش 20 هەزارە.
بەگوتەی شۆفێرانی تانکەری ئاو، بێ ئاوی و خواست لەسەر ئاوی شەمعەکان لە زۆرینەی گەڕەکەکانی سلێمانییە نەوەک گەڕەک و دووان.
ئەوەش لەکاتێکدایە لە سلێمانی 19 شەمعی ئاو هەیە و ئەو شەمعانە ئاو بۆ تەنکەرەکانی ئاو دابین دەکەن و فەرمین و مۆڵەتیان هەیە.
29/07/2025