ئاماری هاوسەرگیریی كچانی خوار تەمەن 15 ساڵ لە ئێران ئاشكرا دەكرێت

ژنێکی ئێرانی لەسەر کورسییەک لە ناوچەی شاخاوی تۆچال دانیشتووە و تەماشای تارانی پایتەختی ئێران دەکات. فۆتۆ: AP
ژنێکی ئێرانی لەسەر کورسییەک لە ناوچەی شاخاوی تۆچال دانیشتووە و تەماشای تارانی پایتەختی ئێران دەکات. فۆتۆ: AP

ناوەندی ئاماری ئێران بڵاویکردەوە، لە زستانی ساڵی رابردووەوە تاوەکو ئێستا، 25 هەزار و 900 کچ هاوسەرگیریان کردووە و زیاتر لە هەزار و 300 منداڵیش لە دایکانی خوار تەمەن 15 ساڵ لە دایکبوون.

بەگوێرەى ئامارەکە، لەکۆى ئەو 26 هەزار کچە، زیاتر لە 200 کچی خوار تەمەن 15 ساڵ لە هاوسەرەکانیان جیابوونەتەوە.

ناوەندى ئامارى ئێران دەشڵێت، ئامارى هاوسەرگیریی منداڵانى خوار تەمەن 15 ساڵ، بەراوورد بە ساڵى رابردوو زیادیکردووە.

لە تشرینی دووەمی ساڵی 2021 یاسای هاوسەرگیریی، منداڵبوون و زیادبوونی دانیشتووان، بە فەرمانی عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، لەلایەن ئەنجومەنی ئیسلامیەوە دەركرا، لەکاتێکدا بەشێک لە بەرپرسانی ئێران، مەترسی و دەرئەنجامەکانی هاوسەرگیریی منداڵان رەتدەکەنەوە.

بەگوێرەی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان، هاوسەرگیریی خوار تەمەن 18 ساڵ بە هاوسەرگیریی منداڵ دادەنرێت، بەڵام بەگوێرەى یاساکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، ئەو هاوسەرگیرییە تەنها پێویستی بە رەزامەندیی سەرپەشتیار و دانپێدانانی خێزانەکەیەتی ئەوەش بە رەزامەندیی دادگا.

رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی، پێشتر ئێرانى بە پێشێلکردنی مافی منداڵان لە ئێران تۆمەتبارکردبوو، ئەمجۆرە هاوسەرگیرییەشى بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ دانابوو، داواشی لە حکومەتی ئێران کرد، تەمەنی هاوسەرگیریی بگەیەنێت بە 18 ساڵ.