چەکدارێکی داعش لە سوید بە تۆمەتی سوتاندنی فڕۆکەوانێکی ئوردنی بە زیندانیی هەتاهەتایی سزادرا

ئوسامە کەریم، ئەندامەکەی داعشە، کە لە وێنەکەدا بە جلوبەرگی مغاویرییەوە دەستی خستووەتە سەر مل و شانی مەعاز کەساسبەی فڕۆکەوانی ئوردنی
ئوسامە کەریم، ئەندامەکەی داعشە، کە لە وێنەکەدا بە جلوبەرگی مغاویرییەوە دەستی خستووەتە سەر مل و شانی مەعاز کەساسبەی فڕۆکەوانی ئوردنی

چەکدارێکی داعش بە تۆمەتی بەشداریکردن لە سوتاندنی فڕۆکەوانێکی ئوردن بە زیندوویی، لەلایەن دادگایەکی وڵاتی سویدەوە بە زیندانیی هەتاهەتایی سزادرا.

ئانا لیلینبێرگ، دادوەری دادگای ستۆکهۆڵم لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، "ئەو تۆمەتبارە کە ناوی ئوسامە کەریمە، لە کاتی کوشتنی فڕۆکەوانە ئوردنییەکە بە جلوبەرگی سەربازی و چەکەوە لە شوێنی رووداوەکە بووە".

بەگوتەی دادوەرەکە، ئەو چەکدارەی داعش بەشدارییەکی کارای لە کوشتنی فڕۆکەوانەکەدا هەبووە و بە هاوبەش لە جێبەجێکردنی تاوانەکە دادەنریت.

رۆژی 24ـی کانوونی یەکەمی 20214، فڕۆکەیەکی هێزی ئاسمانیی ئوردن لە نزیک رەقە کەوتەخوارەوە و هەمان رۆژ فڕۆکەوانەکەی بەناوی مەعاز کەساسبە لەلایەن چەکدارانی داعشەوە بەدیلگیرا.

مانگی شوباتی 2015، چەکدارانی داعش فڕۆکەوانە ئوردنییەکەیان بە زیندوویی لەناو قەفەزێکدا سوتاند و ئەمەش کاردانەوەی گەورەی لەسەر ئاستی جیهان بەدوای خۆیدا هێنا.