نێردەی یونامی لەعێراق: هەموو رۆژنامەوانێک دەبێت شانازی بە کەناڵ8ـەوە بکات
نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق سەردانی کەناڵ8ـی کرد و رایگەیاند، ئەوەی لەکەناڵ8 بینیم، دەبێت هەموو رۆژنامەوانێک شانازیی پێوەبکات.
ئەمڕۆ پێنجشەممە (31ی تەممووزی 2025) محەمەد حەسان، نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق، سەردانی ئۆفیسی سەرەکیی کەناڵ8ـی کرد و لەلایەن ئەحمەد نەجم، سەرۆکی بۆردی کەناڵ8 پێشوازیی لێکرا.
نێردەی یونامی لەمیانی سەردانەکەیدا گوتی، ئەو خاڵەی بەلای منەوە زۆر سەرنجڕاکێشبوو، چۆنیەتیی هەڵبژاردنی کارمەندەکانی کەناڵ8ە، کە دەبێت بە هەموو جۆرێک بێلایەن بن.
نێردەی تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان راشیگەیاند، ئەو خۆی بینەر و خوێنەری کەناڵ8ە و ئەو خاڵەی زۆر بە لاوە گرنگە، کە کەناڵەکە سەرجەم بابەتەکانی عێراق دەگوازێتەوە و تەنیا کار بۆ لایەنێک یاخود گرووپێکی دیاریکراو ناکات.
محەمەد حەسان، دەڵێت، بێلایەنیی کەناڵ8 متمانەی زیاتری بە کەناڵەکە بەخشیوە و جارێکی دیکە هیوای بەختێکی باشی بۆ کەناڵەکە خواست.
31/07/2025