فەرماندەی گشتیی یەپەژە: سیستمی لامەرکەزییەت سیستمێکی گونجاوە
رۆهەڵات عەفرین، فەرماندەی گشتیی یەکینەکانی پاراستنی ژن "یەپەژە" لە میانەى بەشداریی لە بەرنامەی تارگێتی کەناڵ8دا رایگەیاند، سیستمی لامەرکەزییەت بۆ سەرانسەرى سووریا سیستمێکی گونجاوە و گوتیشى، "دەکرێت فۆرمی هەسەدە ببێتە بناغەی بونیادنانی سوپای سووریا". باسلەوەشدەکات پەیوەندی لەنێوان هەسەدە و تورکیا سنووردارە.
لە دیمانەکەدا، رۆهەڵات عەفرین، باسى پرسە گەرموگوڕەکانى رۆژئاوا و باکوورى کوردستان و سووریا کرد، لەبارەى بابەتی تێکەڵبوونی هەسەدە و یەپەژە لەگەڵ وەزارەتی بەرگریی سووریا، رۆهەڵات عەفرین ئاشکرایکرد، لەدانوستانەکانی ئەمدواییەی نێوان بەرپرسانی هەسەدە و حکومەتی دیمەشقدا، زیاتر باس لە پرسی تێکەڵبوونی هەسەدە بۆ ناو سیستمی بەرگریی سووریا دەکرێت.
گوتیشی، "لەماوەی 13 ساڵی رابردوودا هێزەکانی هەسەدە و یەپەگە و یەپەژە رۆڵێکی گەورەیان هەبوو لە شەڕی دژی داعش و فەراهەمکردنى ئاسایش لە ناوچەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا، هەربۆیە لەرووی پراکتییکەوە دەتوانین ئەوە بڵێین، کە هەسەدە بەشێکی راستەقینەی سوپای سووریایە".
فەرماندەکەى یەپەژە دەڵێت، ئەوان نازانن چ مۆدێلێکی سوپا لە سووریای نوێدا هەیە، هەربۆیە فۆرمی هەسەدە و یەپەژە باشترین مۆدێلە بۆ سەرانسەری سووریا و بەدیهێنانی ئارامی لە وڵاتدا. ئاماژەی بەوەشدا، کە دەبێت تێکەڵبوونی هەسەدە بۆ ناو سوپای سووریا ببێتە هۆی خزمەتکردنی کۆمەڵگەی سووریا بەگشتی. بەبۆچوونى رۆهەڵات عەفرین، "بوونی هێزی بیانی لەناو هێزە ئەمنییەکانی سووریا مەترسی لەسەر ئاسایشی وڵات و ناوچەکە دروست دەکات".
لەبارەی سیستمی لامەرکەزییەت کە بەرپرسانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر داوا دەکەن لە سووریای نوێدا پەیڕەوبکرێت، فەرماندەی گشتیی یەپەژە، گوتی، "سیستمی لامەرکەزییەت بەواتای پارچەبوونی وڵات نایەت و دەبێتە هۆی یەکسانی لەناو هەموو پێکهاتەکانی سووریادا، چونکە سیستمی مەرکەزییەت و یەک نەتەوە و یەک بیرکردنەوە شکستیهێناوە".
گوتیشی، "جێبەجێکردنی سیستمی لامەرکەزییەت شتێکی تازە نییە بەلای ئێمەوە و لەماوەی 13 ساڵی رابردوودا لەژێر سایەی بەڕێوەبەرایەتیى خۆسەر لەناوچەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا بەسەرکەوتوویی پەیڕەوکراوە".
یەکێک لە مژارەکانی دیکەی بەرنامەی تارگێت، پرۆسەی چەکدانانی پەکەکە بوو، کە لە رۆژی 11ـی تەمموزی رابردوو لە سنووری پارێزگای سلێمانی بەرێوەچوو و گوتى، "پرۆسەی سوتاندنی چەکەکان لەلایەن گرووپێکی پەکەکەوە یەکێک لە هەنگاوە گرنگەکانی پرۆسەی ئاشتی، دیموکراسی و یەکسانی بوو، پەیامێکی ئاشتی بوو بۆ هەموو جیهان".
بۆچوونى وایە سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتی دەبێتە مایەی بەدیهێنانی ئارامی لە هەموو بەشەکانی کوردستان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
رۆهەڵات عەفرین ئاماژەی بەوەدا پەیامەکەی عەبدۆڵا ئۆجەڵان، رێبەری پەکەکە بۆ هەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی پارتەکەی "پەیامێکی زۆر ئەرێنی" بوو و گوتی، "ئەگەر پرۆسەی ئاشتی سەربکەوێت، کاریگەریی باش لەسەر ناوچەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا دەبێت، چۆنکە پرۆسەکە پەیامی زۆر گرنگی لەخۆگرتووە و فاکتەرى بڵابوونەوەی ئاشتی و ئارامی و بەدیهێنانی مافی ژنان لە ناوچەکە".
لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بە بەرپرسانی تورکیا و بوونی پەیوەندیی راستەوخۆ لەگەڵ بەرپرسانی ئەنقەرە، فەرماندەی گشتی یەپەژە رایگەیاند، پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا لەسەر ئاستێکی سنووردار بەڕێوەدەچن و گفتوگۆکان بەو ئاڕاستەیەدا دەڕۆن، کە بناغەیەکی گونجاو بۆ ئەو پەیوەندییانە دابنرێن.
02/08/2025