بافڵ جەلال تاڵەبانی: باشترین وەفاداری بۆ شەهیدان یەکڕیزی و یەکگوتارییە
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە ساڵیادى جینۆسایدى بارزانییەکاندا سەرەڕاى ئەوەی سەرەخۆشى لە کەسوکارى قوربانییەکان، جەخت لە یەکڕیزى و یەکگوتارى دەکاتەوە.
بافڵ جەلال تاڵەبانی، لە پەیامەکەیدا دەڵێت "ئەنفالکردنی بارزانییەکان برینێکی سەر جەستەی نیشتمانە و بەڵگەی ئەو سیاسەتە دڕندانەیەی رژێمی بەعسی لەناوچووە کە لە تەواوی شاڵاوەکانی ئەنفالدا بۆ سڕینەوەی ناسنامە و قڕکردنی گەلەکەمان پەیڕەوی دەکرد".
دەشڵێت "لەم یادە پڕ لە ماتەمەدا سەری رێز و نەوازش بۆ گیانی پاکی سەرجەم شەهیدانی کوردستان و قوربانییانی ئەنفال دادەنەوێنین و هاوخەمیی قووڵی خۆمان ئاڕاستەی کەسوکارە سەر بەرزەکانیان دەکەین".
سەرۆکى یەکێتى، جەخت لەوە دەکاتەوە قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری قوربانییانی شاڵاوی ئەنفال تەنیا ئەرکێکی یاسایی نییە، بەڵکو هەوڵێکی کرداری و جدیی حکومەتی عێراقە بۆ ساڕێژکردنی بەشێک لەم برینە گەورەیە.
لە کۆتایى پەیامەکەیدا دەڵێت "باشترین وەفاداری بۆ خوێنی پاکی شەهیدان، یەکڕیزی و یەکگوتاریی نیشتمانیمانە بۆ بەهێزترکردنی هەرێمی کوردستان".
02/08/2025