ھەسەدە ماوەی لێبوردنى بۆ چەكدارە یاخیبووەكانی دێرەزۆر درێژکردوە

چەکدارێکى هەسەدە، لە سنوورى نێوان عێراق - سووریا
فۆتۆ - AP
چەکدارێکى هەسەدە، لە سنوورى نێوان عێراق - سووریا فۆتۆ - AP

ناوەندی پەیوەندییەکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) رایگەیاند، 15 رۆژیان وەک ماوەى لێبوردن لە چەکدارە یاخیبووەکانى دێرەزۆر درێژکردووەتەوە و ماوەکەش لە 20ی تشرینى یەکەمەوە دەستپێدەکات.
هەسەدە لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، لێبوردنەکە ئەوانە دەگرێتەوە، لە گرژییەكانی دێرەزۆر تێوەگلاون، دەتوانن لە 20ی تشرینى یەکەمەوە بە پەیوەندیكردن بە ھێزكانى ھەسەدە و دانانی چەك و چارەسەركردنی دۆخی خۆیان، درێژە بە ژیانی ئاسایی بدەن.
بەگوێرەى راگەیەندراوەکەى هەسەدە، تائێستا زیاتر لە 100 کەس لەو لێبوردنە سوودمەندبوون، بۆیە جارێكی دیکە ماوەی لێبوردنەكە درێژكراوەتەوە بۆ 15 رۆژى دیکە، کە تا پێنجى تشرینى دووەم دەخایەنێت.
گرژییەکان، لە دیرەزۆر لە 27ى ئاب تا نۆى ئەیلوولى خایاند و بەهۆیەوە، 25 چەکدارى هەسەدە و 29 چەکدارى هۆزى عەرەبییەکان و نۆ هاوڵاتى گیانیانلەدەستدا.
شەڕەکە لەنێوان بەشێک لە چەکدارانى هۆزە عەرەبییەکانى ناوچەکە و چەكدارانی داعش و بازرگانانی ماددەی ھۆشبەر، لەگەڵ هێزەکانى سوریاى دیموکرات روویدا.
پارێزگای دێرزۆر، هاوسنووری عێراقە و زۆرینەی دانیشتووانەکەى عەرەبن، رووباری فورات دەیكات بە دوو بەشەوە، بەشی رۆژهەڵاتی لەژێر دەسەڵاتی هەسەدەیە و بەشی رۆژئاوای بە دەستی رژێمی سووریا و بەشێک لە گروپە چەکدارەکانەوەیە.