نوێنەرانى قوباد تاڵەبانى: لە هەوڵى چارەسەرى کێشەى کەمئاویی چەمچەماڵداین
بۆ جاری دووەم شاندێکى ئۆفیسی بەدواداچوون و هەماهەنگیی نووسینگەى قوباد تاڵەبانی، جێگرى سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان بۆ چارەسەرى کێشەى کەمئاویى چەمچەماڵ، سەردانى شارۆچکەکەى کرد و لەگەڵ قایمقام و نوێنەرانی فەرمانگەی ئاو کۆبوونەوە.
بەگوێرەى راگەیەندراوى قایمقامیەتی چەمچەماڵ، شاندەکە لەگەڵ رەمک رەمەزان، قایمقامی چەمچەماڵ و نوێنەرانی فەرمانگەی ئاو بەمەبەستی وەرگرتنی وردەکاریی چۆنیەتی چارەسەری خێرای کێشەی کەمئاویی لەسنووری چەمچەماڵ کۆبوونەوە.
دەشڵێت، لە کۆبوونەوکەدا، قایمقامی چەمچەماڵ و نوێنەرانی فەرمانگەی ئاو تێبینی و داواکارییەکانیان خستەڕوو، هەمووان هاوڕابوون چارەسەری بنەڕەتیی، تەنیا تەرخانکردنی بوودجەی پێویست و تەواوکردنی پرۆژەی ئاوی گۆپتەپە چەمچەماڵە.
رۆژى سێشەممەى رابردوو، شاندى ئۆفیسی بەدواداچوون و هەماهەنگیی قوباد تاڵەبانی، سەردانى چەمچەماڵیان کرد و لەگەڵ فەرمانگەی ئاوی چەمچەماڵ بۆ چارەسەرکردنى خێرای کێشەی کەمئاویی شارۆچکەکە کۆبوونەوە و راپۆرتێکیان لەو بارەیەوە ئامادەکرد.
رۆژى 24ـى 6ـى 2024، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، پرۆژەى دابینکردنى ئاوى خواردنەوەى بۆ چەمچەماڵ لەگەڵ کۆمپانیای جێبەجێکار واژۆکرد.
پرۆژەکە زیاتر له 78 ملیۆن دۆلارى بۆ تەرخانکراوە و كۆمپانیای هابیكا جێبەجێیدەکات، تاوەکو ئێستا 6% بۆ 7%ـى کارەکانى تەواوبووە و بڕیارە لەماوەی 730 رۆژدا تەواو بکرێت.
پڕۆژەکە توانای بهرههمهێنانی 3400 مەتر سێجا ئاوی خواردنهوهی له یهک كاتژمێردا ههیه و زیاتر له 480 ههزار كهس لێی سوودمهند دهبن.
03/08/2025