پرۆژەى هێڵى بۆریی سێی دووکان - سلێمانى جێبەجێدەکرێت
بەڕێوەبەرى ئاوى سلێمانى، رایگەیاند، پرۆژەى هێڵى بۆریى سێی ئاوى دووکان - سلێمانى، تەندەرینى بۆ کراوە و چاوەڕێى جێبەجێکردنین.
بەختیار تاهیر، بەڕێوەبەرى ئاوى سلێمانى، بە کەناڵ8ى راگەیاند، دەمێکە ئامادەکارى بۆ پرۆژەکە کراوە، رەوانەى ئەنجوومەنى وەزیران کراوە و دواتر بۆ وەزارەتى دارایی نێردرا، تاوەکو بودجەى تایبەتى بۆ تەرخانبکات.
راشیگەیاند، دواى تەرخانکردنى بودجە بۆ پرۆژەکە، وەزارەتى پلاندانان تەندەرینى بۆ ئامادەکردووە، ئەوەى ماوەتەوە تەنیا ئەوەیە کۆمپانیایەکى شیاو، کە بتوانێت لەرووى هونەرى و تەکنیک و تواناى داراییەوە، پرۆژەکە بگرێتە ئەستۆ و دەست بە جێبەجێکردنى بکات.
لەبارەى ئەوەى مەرجە چ کۆمپانیایەک پرۆژەکە ئەنجامبدات، بەختیار تاهیر، بەڕێوەبەرى ئاوى سلێمانى جەختیکردەوە، مەرجەکان ئەوەیە پێویستە لەرووى هونەرى و تەکنیک و داراییەوە تواناى سەرخستنی پرۆژەکەى هەبێت، کۆمپانیاکە ناوخۆیی دەبێت، بەڵام دەتوانێت هەماهەنگى لەگەڵ کۆمپانیا بیانییەکانى دەرەوەى هەرێمى کوردستان هەبێت، بۆ تەرخانکردنى ئەو پێداویستى و کەرەستانەی لە پرۆژەکەدا پێویستە هەبن.
هەرچەندە بەڕێوەبەرى ئاوى سلێمانى، زانیارى لەبارەى بڕى پارەى تەرخانکراو بۆ پرۆژەى هێڵى سێیەمى بۆریى ئاوى دوکان-سلێمانى، نەدرکاند، بەڵام بەگوێرەى زانیارییەکان، پارەى تەرخانکراوى پرۆژەکە بە 250 ملیۆن دۆلار مەزەندە دەکرێت.
ئێستا رۆژانە هەردوو هێڵی یەک و دووی دووکان-سلێمانی، توانای دابینکردنی 250 تاکو 280 هەزار مەتر سێجا ئاویان لە رۆژێکدا هەیە بۆ شارى سلێمانی و شارۆچکەکانى چەمچەماڵ و بازیان، لە کاتێکدا تەنیا سلێمانی و دەورووبەری پێویستیان بە نیو ملیۆن مەتر سێجا ئاو هەیە لە رۆژێکدا.
06/08/2025