چەند راستییەکی سەرنجڕاکێش سەبارەت بە شیری دایک
گران جاف 06/08/2025
ئێستا پسپۆڕان و رێکخراوە جیهانییەکان بە بەردەوامی هەوڵدەدەن هانی دایکان بدەن شیری خۆیان بدەن بە منداڵەکانیان، ئەمەش هۆکارەکەی بۆ سوودەکانی شیری دایک و ئەو تایبەتمەندییە گرنگانە دەگەڕێتەوە کە لە هیچ شیرێکی دەستکرددا نین.
چەند تایبەتمەندییەکی سەرنجڕاکێشی شیری دایک:
- پێکهاتەی شیری دایک بە گوێرەی پێویستییەکانی منداڵان دەگۆڕێت، واتە بە گوێرەی رەگەز، تەمەن و کاتی رۆژ پێکهاتەکان گۆڕانکارییان بەسەردادێت.
- شیری دایک پێکهاتووە لە چەندین خانەی بەرگریی زیندوو، کە بریتیینلە خڕۆکە سپییەکان، خانە بنەڕەتییەکان و بەکتریا سوودبەخشەکان، ئەمەش کۆرپە دژی چەندین هەوکردن دەپارێزێت و یارمەتیی گەشە و نوێبوونەوەی خانەکانی دەدات.
- شیری دایک زیاتر لە هەزار پڕۆتینی تێدایە، ئەم پڕۆتینانە رۆڵیان لە گەشە، بەرگری و پەرەسەندنی مێشکی منداڵەکەدا هەیە، هەربۆی هیچ شیرێکی قوتو ناتوانێت جێگەی شیری دایک بگرێتەوە.
- ژەک کە یەکەم شیری پاش منداڵبوونە، بە شلەی ئاڵتوونی ناسراوە، ئەم شیرە خەستە، زەردە و پڕیەتی لە دژەتەنەکان، ئەمەش کۆئەندامی هەرسی منداڵەکە بە سەلامەتی دەپارێزێت.
- شیری دایک نەخۆشکەوتنی منداڵ دەستنیشاندەکات، بەجۆرێک کاتێک منداڵەکە نەخۆشدەکەوێت، لەکاتی خواردنی شیری دایکیدا لیکی ئاماژە بۆ جەستەی دایکەکە دەنێرێت، بەمەش پێکهاتەی شیرەکە بە جۆرێک دەگۆڕێت کە خانە بەرگرییەکان تێیدا زیاتر ببێت، بەمەش بەرگریی زیاتر دەدات بە جەستەی منداڵەکە.
- شیری دایک لە دایکێکەوە بۆ دایکێکی دیکە جیاوازە و لە منداڵێکەوە بۆ منداڵێکی دیکەش جیاوازە.
- رەنگی شیری دایک هەموو کاتێک سپی نییە، دەکرێت شین، زەرد، پەمەیی یان سەوزیش بێت، ئەمەش دەکەوێتەوە سەر سیستمی خۆراکیی دایکەکە، ئەو دەرمانانەی بەکاریاندەهێنێت و ماوەی مانەوەی شیرەکە لە مەمکی دایکەکەدا.
- شیری دایک لە شەواندا وادەکات منداڵ باشتر خەوی لێبکەوێت، ئەو شیرەی لە شەواندا دروستدەبێت، بڕێکی زیاتر لە میلاتۆنینی تێدایە، ئەمەش خەوی منداڵەکە باشتر دەکات.
- شیری دایک وەکو دەرمان وایە، چونکە تایبەتمەندیی دژەمیکرۆبی و ساڕێژکەری هەیە، هەندێک دایک بۆ چارەسەرکردنی هەوکردنی چاو، زیپکە و پەڵەی دایبییش بەکاریدەهێنن.
گران جاف
06/08/2025