ئێران داوای کۆبوونەوەی رێکخراوی هاریکاریی ئیسلامی دەکات

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران. فۆتۆ: AP
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران. فۆتۆ: AP

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە نامەیەکەدا بۆ وەزیرانی دەرەوەی تورکیا، سعودیە و سکرتێری گشتیی رێکخراوی هاریکاریی ئیسلامی داوای کۆبوونەوەی بەپەلە لە بارەی دۆخی غەززەوە دەکات.

عێراقچی لە نامەکەیدا نووسیویەتی، ئەوەی لە غەززە روودەدات تەنیا قەیرانی مرۆیی نییە، بەڵکو کۆمەڵکوژی و لە ناوبردنی دانیشتووانی غەززەیە بە شێوەی بەرنامە بۆ داڕێژراو لە ژێر گەمارۆدا.

عێراقچی لە نامەکەیدا داوادەکات بەپەلە وەزیرانی دەرەوەی رێکخراوی هاریکاریی ئیسلامی لە جەددە کۆبوونەوەیەکی نائاسایی رێکبخەن، بە ئامانجی دۆزینەوەی چارەسەری گونجا و گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ دانیشتووانی کەرتەکە.

وەزیری دەرەوەی ئێران دەشڵێت، بەرپرسانی ئیسرائیل چەندین جار دووپاتیانکردووەتەوە کە ئامانجیانە لە رووی سیاسی و دیمۆگرافیاوە بۆ هەمیشە غەززە کۆنترۆڵ بکەن و لە ناوی ببەن.

 وەزیری دەرەوەی ئێران لە نامەکەیدا باسیلەوەکردووە، ئەوەی لە غەززە روودەدات تەنیا گۆڕانکارییەکی تاکتیکی نییە، بەڵکو لە ناوبردنی ستراتیژیی سەروەریی فەڵەستینە لە رێگای داگیرکاری هەمیشەیی خاک و گواستنەوەی زۆرەملێی دانیشتووانەکەی.

داواکارییەکەی ئێران لە کاتێکدایە نووسینگەی نەتانیاهوو بڵاویکردەوە، سوپای وڵاتەکەی لە ئامادەباشیدا دەبێت بۆ کۆنتڕۆڵکردنی شاری غەززە بە چەند قۆناغێک.