گەنجینەی ئەمریکا: نەوتی ئێران تێکەڵ بەنەوتى عێراق کراوە و فرۆشراوە

کەشتییەکى نەوت هەڵگر
وێنە: AP
کەشتییەکى نەوت هەڵگر وێنە: AP

کۆمپانیاى سۆمۆ، بۆ بەبازاڕکردنى نەوتى عێراق رەتیدەکاتەوە نەوتی ئێران تێکەڵ بەنەوتى عێراق کرابێت و هەناردەی بازاڕەکانی جیهان کرابێت، دەڵێت،"هیچ بەڵگەیەکى نێودەوڵەتى لەسەر ئەو بابەتە بوونى نییە".

عەلی نزار، بەڕێوەبەری بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق سۆمۆ، راگەیاند "هیچ حاڵەتێکى قاچاغچێتی و تێکەڵکردنی نەوتی لەگەڵ نەوتی وڵاتانی دراوسێ راست نییە".

راشیگەیاند، هیچ بەڵگەیەک لەلایەن دەزگا نێودەوڵەتیەکانەوە بوونى نییە، کە نەوتى ئێران تێکەڵ بە نەوتى عێراق کرابێت و قاچاغچێتی پشتڕاست بکاتەوە".

ئەوەش لەدوای ئەوە هات، لە مانگی رابردوودا، واشنتن سزای بەسەر شەش قەوارە و چوار کەشتیدا سەپاند، بەهۆی ئەوەی بەشدارییان لە "کڕین و فرۆشتن و گواستنەوە و بەبازاڕکردنی نەوتی ئێران کردووە بە سەرپەرشتى بازرگانێکی عێراقی، کە سوودمەند بووە لە قاچاغچێتی نەوتی ئێران و خستنەڕووی وەک نەوتی عێراقى لە بازاڕدا.

مانگى رابردوو، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سزاى بەسەر زیاتر لە 115 کەس و کۆمپانیا و کەشتیدا سەپاند کە تۆمەتبارن بە ئاسانکاری بۆ فرۆشتنی نەوتی ئێران.