ئەڵمانیا فرۆشتنی چەکی بە ئیسرائیل هەڵپەسارد

بۆردومانى فڕۆکە جەنگییەکانى ئیسرائیلە بۆسەر یەکێک لە ناوچەکانى کەرتى غەززە.. وێنە: AFP
بۆردومانى فڕۆکە جەنگییەکانى ئیسرائیلە بۆسەر یەکێک لە ناوچەکانى کەرتى غەززە.. وێنە: AFP

ئەڵمانیا فرۆشتنی چەک و کەرەستەی سەربازیی بە ئیسرائیل هەڵپەسارد، ئەمەش وەکو کاردانەوەیەک هات بەرامبەر بە بڕیارەکەی ئیسرائیل بۆ کۆنتڕۆڵکردنی غەززە، داواش لە حکومەتی ئیسرائیل دەکەن هیچ هەنگاوێکی زیاتر نەنێت بۆ لکاندنی کەناری رۆژئاوا بە وڵاتەکەیەوە.

فریدریش مێرز، راوێژکاری ئەڵمانیا رایگەیاند، ئەم بڕیارە گۆڕانکارییەکی ریشەییە لە سیاسەتەکانی حکومەتی ئەڵمانیادا، کە یەکێکە بووە لە دیارترین هاوپەیمانە نێودەوڵەتییەکانی ئیسرائیل و بە دووەم دابینکەری چەک بۆ ئەو وڵاتە دادەنرا.

مێرز ئاماژەی بەوەکرد، زۆر قورسە تێبگەن لەوەی چۆن ئەو پلانە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ گەیشتن بە ئامانجە رەواکان، دەشڵێت، لەم هەلومەرجەدا حکومەتی ئەڵمانیا رێگا بە هەناردەکردنی هیچ جۆرە چەکێک بۆ ئیسرائیل نادات، کە دەکرێت لە شەڕی کەرتی غەززەدا بەکاریبهێنن.

راوێژکاری ئەڵمانیا جەختی لەوە کردەوە، حکومەتی ئیسرائیل لەبەردەم بەرپرسیارێتییەکی گەورەدایە بۆ پێشکەشکردنی هاوکاری بە خەڵکی سڤیلی غەززە، داوایکرد، کارئاسانی بکرێت بۆ رێکخراوەکانی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان و رێکخراوە ناحکومییەکانی دیکە، بۆ دەستڕاگەیشتن بە هاوکارییەکان بە خەڵکی غەززە.

تادێت نیگەرانییە نێودەوڵەتییەکان سەبارەت بە غەززە لە پەرەسەندندایە و نەتەوەیەکگرتووەکان و رێکخراوەکانی دیکەش هۆشداریدەدەن لە مەترسییەکانی برسێتی.