ئەردۆغان: هەڵوێستی وڵاتانی رۆژئاوا پێشێلکارییەکانی لە غەززە زیاتر کردووە
سەرۆککۆماری تورکیا، جارێکی دیکە رەخنەی لە هەڵوێستی وڵاتانی رۆژئاوا لەبارەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە گرت و رایگەیاند، ئەم هەڵوێستانە پێشلکارییەکانی زیاتر کردووە.
رەجەب تەیب ئەردۆغان لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ یەن ستۆڵتێنبێرگ سکرتێری گشتیی ناتۆ گوتی، هەڵوێستی وڵاتانی رۆژئاوا وایکردووە بڕی ئەو پێشێلکارییانەی لە شاری غەززە دەکرێن زیاتر ببن و کەمتەرخەمی و نەبوونی هەوڵی وڵاتانیش بۆ وەستاندنی کارەکانی ئیسرائیل لەو شارە، دەرئەنجامی وای دەبێت کە قەرەبووکردنەوەی ئەستەم بێت.
ئەردۆغان داواشیکرد، دەستبەجێ کۆتایی بەو "کارەساتە مرۆییانە" بهێندرێت کە بەبەرچاوی رۆژئاوا و جیهانەوە ئەنجام دەدرێن و گوێیان لێدەخەوێندرێت.
ئەردۆغان پێشتریش لە دوو پەیوەندیی تەلەفۆنی، لەگەڵ یۆوەری موسڤەنلی سەرۆککۆماری ئۆگەندا و ڤیلۆدیمێر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکراین، گفتوگۆی کرد و داوای راگەیاندنی ئاگربەستی کرد و وتی، پێکدادانەکان بوونەتە هەڕەشە بۆ سەر ئاشتیی جیهانیی.
22/10/2023