دانەغاز: بەرهەمهێنانی گاز لە کۆرمۆر 500 ملیۆن پێ سێجاى تێپەڕاندووە

یەکێک لە کێڵگەکانى بەرهەمهێنانى غازى سرووشتى، کە کۆمپانیاى داناغاز سەرپەرشتى دەکات
یەکێک لە کێڵگەکانى بەرهەمهێنانى غازى سرووشتى، کە کۆمپانیاى داناغاز سەرپەرشتى دەکات

"قازانجی کۆمپانیاکە لە شەش مانگدا 73.50 ملیۆن دۆلار بووە"
کۆمپانیای دانەغازى ئیماراتى رایگەیاند، قازانجی کۆمپانییەکە لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا بەرێژەی لە سەدا یەک زیادیکردووە و زیاتر لە 73 ملیۆن دۆلار بووە، راشیگەیاند، ئاستی رۆژانەی بەرهەمهێنانی گازی سروشتی لە کێڵگەی کۆرمۆر 500 ملیۆن پێ سێجای تێپەڕاندووە.

کۆمپانیای دانەغاز کە یەکێکە لە گەورەترین کۆمپانیای تایبەت بە کەرتی گازی سروشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە راگەیەندراوێکدا ئامارێکی لەبارەی داهات و قازانجەکەى لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو 30ـی حوزەیرانی هەمان ساڵ بڵاوکردەوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا بەهۆی بەرزبوونەی ئاستی کارکردن لە هەرێمی کوردستان و بەرزبوونەوەی رێژەی وەبەرهێنانی نوێ لە میسڕ، قازانجی کۆمپانیاکە بەراورد بە شەش مانگی یەکەی ساڵی 2024 بە رێژەی لەسەدا یەک زیادیکردووە و گەیشتووتە 73 ملیۆن و 500 هەزار دۆلار، لە کاتێکدا لە نیوەی یەکەمی ساڵی رابردوو 72 ملیۆن دۆلار بووە.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی دانەغاز، بەهۆی دابەزینی نرخەکانی فرۆشتن و پاشەکشە لە رێژەی بەرهەمهێنان لە میسڕ، داهاتی کۆمپانیاکە لە شەش مانگی ساڵی 2025دا بەراورد بە هەمان وادەی ساڵی رابردوو، پاشەکشەی بەخۆیەوە بینیوە و بۆ 171 ملیۆن دۆلار دابەزیووە، لەکاتێکدا لە نیوەی یەکەمی ساڵی رابردوودا داهاتی کۆمپانیاکە 190 ملیۆن دۆلار بووە.

کۆمپانیای دانەغاز راشیگەیاند، پێشکەوتنی بەرچاویان لە پڕۆژەی گازی "کۆرمۆر250" لە شارەدێى قادر کەرەم بەدەستهێناوە و ئاستی بەرهەمهێنانی رۆژانە لەو کێڵگەیە 500 ملیۆن پێ سێجای تێپەڕاندووە.