ئازاد شەوقی.. نیگارکێشی سروشت و پارێزەری فۆلکلۆر
هونەرمەند و شێوەکار، ئازاد مەحموود شەوقی، ناسراو بە ئازاد شەوقی، ساڵی 1930 لە شاری هەولێر لەدایکبووە و لە دیارترین شێوەکارەکانی کوردە.

ئازاد شەوقی ساڵی 1955 پەیمانگەی هونەرەجوانەکانی بەغدادی تەواوکردووە، بۆ ماوەی چەند ساڵێک، وانەی پەروەردەی هونەری لە تێکڕای قۆناغەکانی خوێندن پێشکەش کردووە لە شاری سلێمانی، لە وڵاتی سعودیە، وانەی بە فێرخوازەکانی داوە، لەوێ بۆ یەکەمجار، لە دەزگای وەزارەتی پەروەردە مۆزەخانەی فۆلکلۆری سعودی دامەزراندووە.

ئازاد شەوقی، گرنگییەکی زۆری بە هونەری منداڵان داوە، یەکەم دامەزرێنەری شانۆی منداڵان بووە لەسەر ئاستی عێراق و سلێمانی، مۆزەخانەی فۆلکلۆری جلوبەرگی کوردی و عێراقی دامەزراندووە، هاوبەش بووە لە دامەزراندنی مۆزەخانەی فۆلکلۆری زانکۆی سلێمانی.

دەستپێکی پێشانگە هونەرییەکانی ئازاد شەوقی دەگەڕێتەوە بۆ ناوەڕاستی شەستەکانی سەدەی ڕابردوو، ساڵی 1965 یەکەم پێشانگەی تایبەتی خۆی لە زانکۆی ئەمریکی لە بەیروت کردووەتەوە، لەماوەی ژیانی هونەریی خۆیدا، دەیان پێشانگەی بەشێوەیەکی تایبەت و هاوبەش کردووەتەوە.
ئازاد شەوقی ڕێکەوتی 10ـی ئابی 2002 لە تەمەنی 72 ساڵیدا کۆچی دوایی کردووە.


2 کاتژمێر پێش ئێستا