ئوردن، سووریا و ئەمریکا کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵی لە عەمان دەکەن

وەزارەتی دەرەوەی ئوردن رایگەیاند، رۆژی سێشەممەی داهاتوو، 12ـی ئاب، ئوردن میوانداریی کۆبوونەوەیەکی هاوبەش لەگەڵ سووریا و ئەمریکا دەکات، بۆ تاوتوێکردنی پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەی سووریا.

وەزارەتی دەرەوەی ئوردن لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، لە کۆبوونەوەکەدا ئەیمەن سەفادی، وەزیری دەرەوەی ئوردن، ئەسعەد شەیبانی، هاوتا سووریەکەی و تۆماس بارک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا ئامادە دەبن.

رونیشیکردووەتەوە، لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی بارودۆخی سووریا و رێگاکانی پاڵپشتیکردنی پرۆسەی بونیادنانەوەى سووریا دەکرێت، لەسەر بنەمای گرەنتی ئاسایش و سەقامگیری و سەروەریی وڵاتەکە، بۆ بەدیهێنانی خواستەکانی گەلی سووریا و پاراستنی مافەکانیان.

دەشڵێن، کۆبوونەوەکە درێژەپێدەری گفتوگۆکانی 19ی تەمموزی رابردوو دەبێت، کە لە عەمان بەڕێوەچوو، کە تیایدا تیشک خرایەسەر چەسپاندنی ئاگربەست لە پارێزگای سوەیدا، لە باشووری سووریا و دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە.

لە راگەیەندراوەکەدا جەخت لەوەکراوەتەوە، کە بڕیارە لە پەراوێزی کۆبوونەوە سێقۆڵییەکەدا، ئەیمەن سەفادی، وەزیری دەرەوەی ئوردن بە جیا لەگەڵ هەریەکە لە ئەسعەد شەیبانی، هاوتا سوورییەکەی و تۆماس باراک گفتوگۆی دوو قۆڵی ئەنجامبدات.