پسپۆڕێک: ئەگەر منداڵەکەت پێشوەختە لەدایکبووە ئاگات لە تەندروستیی چاوی بێت
لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵ8، د. حەسەن خۆشناو، پسپۆڕی وردی نەشتەرگەری و نەخۆشییەکانی چاو، باسی لە تەندروستیی چاوی منداڵانی نەبەکام کرد و گوتی ئەگەر پشکنینیان بۆ نەکرێت لەوانەیەبۆ هەمیشە بیناییان لەدەستبدەن.
لە سەرەتای گوتەکانیدا، پسپۆڕەکە باسی لەوەکرد کە ئەگەر منداڵێک تەمەنی لە پێش 32 هەفتەی تەمەنی لە سکی دایکیدا لەدایکبوو، کێشی جەستەشی لە کیلۆ و نیوێک کەمتربوو و لە یەکەی چاودێریی وردی تازەلەدایکبووان خەوێنرا، پێویستە پشکنینی تۆڕەی چاوی بۆ بکرێت .
ئەم منداڵانە دەکرێت گرفتی چاویان زۆربێت، چونکە تۆڕەی چاوی هەندێکیان هێشتا دروستنەبووە، یان گەشەی نەکردووە، هەربۆیە پشتگوێخستنی تەندروستیی چاویان لەوانەیە ببێتەهۆی لەدەستدانی بینایی منداڵەکە.
ئەو منداڵانەی بۆ ماوەیەکی زۆر لە یەکەی چاودێریی چڕی منداڵ دەمێننەوە، بەتایبەتیش ئەوانەی لەژێر ئامێری ئۆکسجین یان سیپاپدان، پێویستە پشکنینی چاویان بۆ بکرێت.
گرنگە لە پاش دوو هەفتە لە پشکنینی یەکەم، بۆ دووەم جار پشکنینی چاوەکانی ئەم منداڵانە بکرێت و سێیەم پشکنینیش لە پاش مانگێک بکرێت، پاشان مانگانە یان سێ مانگ جارێک دووبارە پشکنینیان بۆ بکرێتەوە.
"تۆڕەی چاوی ئەم منداڵانە هێشتا دروستنەبووە و پشتگوێخستنی ئەم گرفتەش لەدەستدانی بینایی منداڵەکەی لێدەکەوێتەوە".
11/08/2025