وەزیرى ئاوەدانکردنەوە دابەشنەکردنى یەکەکانی نیشتەجێبوون بۆ جیاوازیى بۆچوون دەگەڕێنێتەوە
لەبارەی دواکەوتنی راگەیاندنی ناوی سوودمەندانی یەکەکانی نیشتەجێبوون، دانا عەبدولکەریم وەزیرى ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنى هەرێمى کوردستان رایگەیاند، وەزارەتەکەى هەموو ئامادەکارییەکی تەواوکردووە، بەڵام جیاوازى بۆچوونى لەگەڵ ئەنجوومەنی وەزیران وایکردووە دابەشکردنەکە دوابکەوێت.
بەگوێرەى زانیارییەکانى کەناڵ8، جیاوازییەکە ئەوەیە ئەنجوومەنی وەزیران دەیەوێت زۆرترین ژمارەی یەکەی نیشتەجێبوون لە شارەکان تەواوبکرێن و ئامادەبن بۆ ژیانکردن پاشان دابەشبکرێن، بەڵام وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە لەگەڵ ئەوەدایە ئەگەر یەکەکانیش تەواو ئامادەنەبن، کۆدێک بە سوودمەندبووان بدرێت بۆ ئەوەى هیوایەکیان هەبێت کە یەکەکان موڵکی ئەوانە.
بڕیار بوو 24ـی تەمموز ناوی سوودمەندبووانی وەرگرتنی یەکەکانی نیشتەجێبوون رابگەیەندرێت، بەڵام وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە لە روونکردنەوەیەکدا دواخستنى پرۆسەکەى راگەیاند و گوتى، "پرۆسەی دابەشکردنی یەکەکان لە داهاتوویەکى نزیکدا دەبێت".
ئاماژەى بەوەشکردبوو، دواخستنەکە لەسەر داوای ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بووە، ئەوەش لەپێناو تەواوکردنی زۆرترین یەکەی نیشتەجێبوون.
دوابەدوای ئەوەش کۆمەڵەى کرێنشینانی کوردستان داوای روونکردنەوە و هۆکاری دواخستنەکەی لە وەزیری ئاوادانکردنەوە و نیشتەجێکردن کرد و رایگەیاند، ئەوان ساڵانێکە چاوەڕوانن.
11/08/2025