بەریتانیا پلانی دیپۆرتکردنەوەی تاوانبارانی بیانی فراوانتر دەکات

تاوانبارانی بیانی نزیکەی 12%ـى زيندانييەکانی بەريتانيا پێکدەهێنن
تاوانبارانی بیانی نزیکەی 12%ـى زيندانييەکانی بەريتانيا پێکدەهێنن

حکومەتی بەريتانيا بڕیاریداوە پەنابەرە تاوانبارە بيانييەکان دیپۆرتبکاتەوە و رێگە نەدات دوای ساغبوونەوەی تۆمەتەکەيان تانە لە بڕیارەى تاوانبارکردنیان بدەن.

وەزارەتی ناوخۆی بەريتانيا، گرتە ڤيديۆيەکی ئەو بيانييانەی بڵاوکردووەتەوە کە سزادراون و بەبێ ئەوەی رێگەيان پێبدرێت تانە لە بڕيارەکە بدەن، ديپۆرت دەکرێنەوە.

بەگوێرەى بڕیارەکە، ژمارەی ئەو وڵاتانەی کە ناتوانن تانە لە بڕياری دادگاکانى بەریتانیا بدەن و راستەوخۆ دواى بڕیارى دادگا دیپۆرت دەکرێنەوە، 23 وڵاتە.

شەبانە مەحموود، وەزیری دادی بەريتانيا رایگەیاند، بەنیازن ياسای ديپۆرتکردنەوە بگۆڕن و زۆرينەی تاوانبارانی بیانی لەکاتی يەکلايبوونەوەی سزاکانيان، دەستبەجێ دیپۆرت بکرێنەوە.

تاوانبارانی بیانی نزیکەی 12%ـى زيندانييەکانی بەريتانيا پێکدەهێنن و بە گوتەی شەبانە مەحمود، ئەو هەنگاوە دەتوانێت پارە بۆ وڵاتەکە پاشەکەوت بکات، توانای بەریتانیا بۆ دوورخستنەوەی تاوانبارانی بیانی لە زووترین دەرفەتدا زیاد دەکات.

دەشڵێت، بڕیارەکە فشارەکان لەسەر زیندانە قەرەباڵغەکان کەمدەکاتەوە.

وەزارەتی داد ئاماژەی بەوەشکردووە، لە مانگی تەمموزی 2024ـەوە نزيکەی پێنج هەزار و 200 تاوانباری سزادراوی بيانی ديپۆرتکراونەتەوە.