ئەمریکا داوایەکى نوێ لەبارەى "هێرشە درۆنییەکان" لە عێراق و هەرێمى کوردستان دەکات

وێندی گرین، کونسوڵی نوێی ئەمریکا، و ستیڤ بیتنەر، کونسوڵی پێشووی ئەو وڵاتە لە هەرێمی کوردستان، لەگەڵ رێبەر ئەحمەد، وەزیرى ناوخۆى حکومەتى هەرێمى کوردستان
وێندی گرین، کونسوڵی نوێی ئەمریکا، و ستیڤ بیتنەر، کونسوڵی پێشووی ئەو وڵاتە لە هەرێمی کوردستان، لەگەڵ رێبەر ئەحمەد، وەزیرى ناوخۆى حکومەتى هەرێمى کوردستان

حکومەتى ئەمریکا، داوا دەکات لێکۆڵینەوەکان لە هێرشە درۆنییەکان بۆسەر کێڵگە نەوتییەکانى هەرێمى کوردستان تەواوبکرێن و ئەنجامدەرانیان لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بکرێت.

وێندی گرین، کونسوڵی نوێی ئەمریکا، و ستیڤ بیتنەر، کونسوڵی پێشووی ئەو وڵاتە لە هەرێمی کوردستان، سەردانی رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان'یان کرد.

هەردوو کونسوڵی ئەمریکا، هێرشە درۆنییەکانیان بۆ سەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان سەرکۆنە کرد، کە لەلایەن کۆمپانیای ئەمریکی و چەند وڵاتێکی دیکەوە بەڕێوەدەبرێن.

هەردوو کونسوڵ داوایان لە بەرپرسانی عێراق کردووە، لێکۆڵینەوەکانیان لەوبارەیەوە تەواو بکەن، تاوەکو ئەنجامدەرانی ئەو هێرشە درۆنییانە لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بکرێت.

ئەم هەڵوێستەی ئەمریکا لەکاتێکدایە، لەماوەی مانگەکانی تەمموز و حوزەیرانی ئەمساڵدا واتە لە دوو مانگدا 52 هێرشى درۆنى و موشەکى کرانەسەر هەرێمى کوردستان و ناوچە دابڕێندراوەکان، زۆرێک لە درۆنەکانیش کێڵگە نەوتییەکانى هەرێمى کوردستانیان کردە ئامانج.

بەگوێرەی پارێزگاکان، لە هەولێر 21 هێرش، دهۆک 11 هێرش، سلێمانى حەوت هێرش، کەرکوک 8 هێرش، نەینەوا دوو هێرش و لە مەخمور سێ هێرشی درۆنی بۆسەر کێڵگە نەوتییەکان ئەنجادراوە.

بۆ لێکۆڵینەوە لە هێرشە درۆنییەکان، رۆژی 28ـی تەمموز، قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لەگەڵ شاندێکی باڵای ئەمنی، هاتە هەولێر و لەگەڵ رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ کۆبوونەوە و ئەو کێڵگە نەوتییانەیان بەسەرکردەوە کە هێرشی درۆنی کراوەبووەسەر.

لەپاش سەردانەکەش لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بۆ هەرێمى کوردستان و عێراقیش ئاشکرایە بکەرانی هێرشە درۆنییەکان کێن.

گوتیشی، ئەو لیژنەیەی لە عێراقەوە هاتووە، کارەکانی دەستپێکردووە و دواتر لیژنەیەکی هونەری لە هەردوولا دروستدەکەن، بە وردبینی لە پاشماوەی درۆنەکان و بزانرێت سەربە کام گرووپن؟ لە کوێ دروستکراون و لە کوێوە هەڵدراون و کێ تێوەگلاوە لە رووداوەکان.