لە 19 رۆژدا 149 زیارەتکاری ئێرانی گیانیان لەدەستداوە
تەیموور حسێنی، بەڕێوەبەری پۆلیسی رێگاوبانی ئێران، رایگەیاند، لە 19 رۆژی رابردوودا بەهۆی رووداوی هاتووچۆ، 149 زیارەتکاری ئێرانی بۆ بەشداری لە چلەی ئیمام حسێن گیانیان لەدەستداوە و سێ هەزارو 362 زیارەتکاری دیکە برینداربوون.
حسێنی، دەڵێت، ئامارەکانی گیانلەدەستدان بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو، 19%کەمیکردووە.
بەڕێوەبەری پۆلیسی رێگاوبانی ئێران، دەشڵێت، ژمارەی ئەو کەسانەی لەو ماوەیەدا برینداربوون سێ هەزارو 362 کەس بوون بەراورد بە ساڵی رابردوو، 15% رێژەکە کەمیکردووە.
لە بارەی زیادبوونی رێژەی مردن بە گوێرەی پارێزگاکان، حسێنی باسی لەوەکرد، لە پارێزگای ورمێ و ئیلام رێژەکە زیادیکردووە، بە جۆرێک ورمێ بە 38 زیارەتکار، 27% لە ساڵی پار زیاترە و ئیلام بە 17 زیارەتکار 13%، بەراورد بە ساڵی پار رێژەکەی زیادیکردووە.
بەڕێوەبەری پۆلیسی رێگاوبانی ئێران، گۆڕینی لە ناکاوی ئاڕاستەى شەقامەکان، لە کۆنتڕۆڵ دەرچوونی ئۆتۆمبێل و بێئاگایی شۆفێران و نەشارەزاییان لە رێگاوبانەکان بە گرنگترین هۆکارەکانی رووداوی هاتووچۆی ئەو 19 رۆژە دانا.
پێشتریش ئەحمەد رەزا رادان، فەرماندەی گشتیی پۆلیسی ئێران، رایگەیاندبوو، لەماوەی دەستپێکردنی رێوڕەسمەکاندا، نزیکەی ملیۆنێک و 300 هەزار کەس گەڕاونەتەوە ئێران، داواشی لە خەڵکی وڵاتەکەی کرد، دەروازە سنوورییەکانی خوسرەوی، حاجی ئۆمەران و باشماخ بۆ هاتوچۆ بەکاربهێنن.
بە گوێرەی ئامارەکانی وڵاتەکەش تاوەکو ئەمڕۆ، زیاتر لە چوار ملیۆن زیارەتکاری ئێرانی هاتوونەتە عێراق بۆ بەشداری لە چلەی ئیمام حسێن.
14/08/2025