لەیلا عومەر: لە سلێمانی 20 هەزار پارچە زەوى دابەشدەکرێن

لەیلا عومەر، سەرۆکى شارەوانیى سلێمانى
لەیلا عومەر، سەرۆکى شارەوانیى سلێمانى

لەیلا عومەر، سەرۆکى شارەوانیى سلێمانى بە کەناڵ8ـى رایگەیاند، بەشێوەى تیروپشکى ئەلیکترۆنى قۆناغى دووەمى دابەشکردنى زەوى رادەگەیەنن و 20 هەزار پارچە زەوى بەسەر فەرمانبەرانى سەرجەم فەرمانگەکان و خانەنشینان دابەشدەکرێت.

گوتیشى، "ئەگەرچى بڕیارێکى پێشتر هەیە زەویى روکن و نایاب دابەشنەکرێت، بەڵام لە سلێمانى بڕیاردراوە زەوى روکنیش دابەشبکرێت".

لەیلا عومەر، ئاماژەى بۆئەوەشکرد، لە سلێمانى نزیکەى 70 هەزار فەرمانبەر و خانەنشین ناویان بۆ وەرگرتنى زەوى پەسەندکراوە و بۆ قۆناغەکانى داهاتوو لە رۆژهەڵات و رۆژئاواى سلێمانى زەوى ئیفراز دەکرێت.

لەیلا عومەر: پێدانى زەوى بەرامبەر پرۆژە بە وەبەرهێنەران سەرکەوتوو بوو

هاوکات لەیلا عومەر، رایگەیاند، پلانى پێدانى زەوى بەرامبەر دروستکردنى پرۆژە بۆ سلێمانى سەرکەوتوو بووە و دەڵێت، بە بەهاى 100 ملیار دینار لەو رێگەیەوە پرۆژە بۆ سلێمانى دروستکراوە.

گوتیىشی، "ئێستا بە بەهاى 50 ملیار دینار پرۆژەى پرد و رێگەوبان و چەند پرۆژەیەکى دیکە تەواوبوون و بە بەهاى 50 ملیار دینارى دیکە، پرۆژە لەقۆناغى پەسەندکردن و قۆناغى جێبەجێکردندان".

لەیلا عومەر: بە هەشت شەقام سلێمانى بە شاڕێى بابان (شەقامی 100 مەتری) دەبەسترێتەوە

سەرۆکى شارەوانیى سلێمانى راشیگەیاند، کارەکانى شەقامى 100 مەتریى سلێمانى بەخێرایی بەڕێوەدەچن و ئەمساڵ سایدێکى شەقامەکە بەڕووى هاتوچۆدا دەکرێتەوە و ساڵى داهاتوو پرۆژەکە تەواو دەکرێت.

گوتیىشی، "سلێمانى بە هەشت شەقام بە شاڕێى بابان دەبەسترێتەوە و سێ لەو شەقامانە دەست بە جێبەجێکردنیان دەکرێت و رەزامەندیى ئەنجوومەنى وەزیرانى بۆ وەرگیراوە و سوودێکى زۆرى بۆ هاونیشتمانییان دەبێت و لە ئایندەیەکى نزیک دەدرێتە کۆمپانیا بۆ جێبەجێکردنى".