قەرەیلان: پرسی 100 ساڵەی کورد چارەسەر بکرێت خوشک و برایەتیی راستەقینەی کورد و تورک دروست دەبێت
موراد قەرەیلان، فەرماندەی هێزەکانی پاراستنی گەل "هەپەگە"، سەرکەوتنى پرۆسەى چارەسەریى دەبەستێتەوە بە ئازادکردنى عەبدوڵا ئۆجەلان و دەشڵێت، پابەندن بە بڕیارەکانى کۆنگرەى پەکەکە و لیژنە پەرلەمانییەکەى تورکیاش بە هەنگاوێکى "گرنگ" ناودەبات.
موراد قەرەیلان، بەبۆنەى 41هەمین ساڵەى دەستپێکى خەباتى چەکداریى پەکەکە، لە هەرێمەکانی پاراستنی میدیا وتارێکى پێشکەش کرد و رایگەیاند، پابەندن بە بڕیارەکانی کۆنگرەی 12ـى پەکەکە و بانگەوازی 19ـی حوزەیرانی ئۆجەلان.
قەرەیلان دەشڵێت، "بۆ سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک، بەرپرسیارێتی خۆیان جێبەجێ دەکەن، بەڵام کۆتری ئاشتی بە باڵێک نافڕێت. پێویستی بە دوو باڵە".
باسیلەوەشکردووە، تێکەڵبوونى دیموکراتی و یاساکانی ئازادی گرنگن، بەڵام ئەگەر تەنیا وەک چەکدانان و گەڕانەوەی گەریلا ببینرێت، ئەوا کەم دەهێنێت.
قەرەیلان مەرجى ئازادکردنى ئۆجەلان بۆ سەرکەوتنى پرۆسەکە دادەنێت و لەو بارەیەوە دەڵێت، "گەریلا ئەوە قبوڵ ناکات. گەریلا تەنیا لەپێناو خۆیدا نەهاتە سەر چیا. پێش هەموو شتێک دەبێت ئەندازیاری ئاشتی و خوشک_برایەتیی گەلان، رێبەر ئاپۆ، بەشێوەی جەستەیی ئازاد ببێت. دەبێت هەڵوەستە بکرێت بۆ دەرکردنی ئەم یاسایە. ئەگەر وا نەبێت، قبوڵ ناکرێت".
قەرەیلان روونکردنەوەى زیاتر دەدات و دەڵێت، "ئەوە تەنیا گوتەی فەرماندە و بەڕێوەبەران نییە. گوتەی هاوبەشی هەموو شەڕڤان و گەریلاکانە. یاسا بۆ گەریلا دەربکرێت، گەریلا دەست لە چەک هەڵبگرێت و بە ئازادی بگەڕێتەوە ماڵەوە، کەچی رێبەر ئاپۆ لە ئیمراڵی بە زیندانیکراوی بمێنێتەوە! ئەمە قبوڵ ناکرێت".
لەبارەى هەنگاوەکانى پرۆسەى چارەسەرییەوە، قەرەیلان ئاماژەى بەوەکردووە، "ئێستا لە پەرلەمان لیژنە پێکهێنراوە، بێگومان، ئەوە هەنگاوێکی گرنگە. دەبێت دەوڵەتی تورک ئەو راستییە لەبەرچاو بگرن. ئەگەر لەم سەردەمە مێژووییەدا، لەو رووەوە هەنگاو بنرێت، پرسی 100 ساڵەی کورد چارەسەر بکرێت، ئەوا لەنێوان گەلانی کورد و تورکدا، خوشک_برایەتییەکی راستەقینە دێتەئاراوە".
جەختیشدەکاتەوە، بۆ چارەسەری بنەڕەتی پرسەکە و ئاشتییەکی درێژخایەن، دەبێت هەڵوێستی قایلکەر پیشانبدرێت. دەڵێت، "ئەوان بەشێوەیەکی ستراتیجیی نزیکی ئەو خاڵە دەبنەوە. هیچ رێبازێکی تاکتیکی و فێڵبازانە لای ئەوان نییە".
فەرماندەى هەپەگە دەشڵێت، "بەشێوەیەکی جددی و ستراتیجی لە پرۆسەکە نزیکدەبینەوە. هەڵبەتە رێوشوێنی خۆشیان دەگرنەبەر".
ئاماژەى بەوەشکردووە، ئەگەر بەرامبەرەکانیشیان وەها نزیکببنەوە و متمانە ببەخشن، یاسای باوەڕپێکراو ئامادە بکەن، ئەوانیش بەرپرسیارێتی خۆیان جێبەجێ دەکەن و لەو رووەوە زیاتر دەڵێت، بۆ بونیادنانی کۆمارێکی دیموکراتی لە تورکیا، ئەوان هەموو ئەرکەکانیان جێبەجێ دەکەن. لە کۆماری دیموکراتی بەشداردەبن.
15/08/2025