110 کەس لە پاکستان بەهۆی باران و لافاوەوە گيانيان لەدەستدا
بەهۆی بارانبارينی وەرزی و دروستبوونی لافاوەوە لە باکووری پاکستان، 110 کەس گيانيان لەدەستدا و ژمارەيەکی زۆر خەڵکيش لەناو ماڵەکانياندا گيريانخواردووە.
بەرپرسانی پاکستان رايانگەياندووە، لە 24 کاتژمێری رابردوودا لە پارێزگای خەيبەر پەختونخوا هەروەها لە بەشە پاکستانييەکەی هەرێمی کشمير، 110 کەس گيانيان لەدەستداوە.
کەشناسیی پاکستان هۆشداريداوە لە بارانبارينی زياتر لە باکووری رۆژئاوای وڵاتەکە، داوای لە خەڵکی ئەو ناوچانە کردووە لە حاڵەتی پێويستدا نەبێت، نەچنە ناوچە دوورەدەستەکان.
لە سەرەتای وەرزی هاوينەوە، بارانی بەخوڕی وەرزیی، پاکستانی گرتووەتەوە، تاوەکو ئێستا 320 کەس گيانيان لەدەستداوە کە زياتر لە نيوەيان منداڵن.
پاکستان يەکێکە لەو وڵاتانەی زۆرترين کاريگەرييەکانی گۆڕانی کەشوهەوای لەسەرە، لە ساڵی 2022دا لافاوەکانی وەرزی هاوین یەک لەسەر سێی پاکستانی گرتەوە و هەزار و 700 کەس بەهۆيەوە گيانيان لەدەستدا.
15/08/2025