وەزارەتى ناوخۆ: هەوڵ بۆ گۆڕینى دیمۆگرافیاى ناوچەکانى ئێزدى و کریستیان دەدرێت
وەزارەتى ناوخۆى هەرێمى کوردستان رایگەیاند، وەزیرى کۆچ و کۆچبەرانی عێراق لەرێگەی لیژنەیەک بەناوى ئیغاسەوە، دەیەوێت دیمۆگرافیاى ناوچەکانى پێکهاتەى ئێزدى و کریستیان بگۆڕێت، دەشڵێت، ئاوارەکان ناچارى گەڕانەوەیەکى زۆرەملێ دەکرێن و لە دەرەوەى ناوچەکانى خۆیان نیشتەجێدەکرێن.
وەزارەتى ناوخۆ لە راگەیەندراوەکەیدا دەڵێت، "بەهۆی شەڕی داعشەوە ژمارەیەکی زۆری هاوڵاتییان كە تاوەکو ئێستا لە 18 کەمپی تایبەت بە ئاوارەکان زیاتر لە 600 هەزار ئاوارەى کریستیان و ئێزدى نەیاتوانیوە بگەڕێنەوە زێدی خۆیان".
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق و لیژنەی باڵای ئیغاسە کۆبوونەوە دەکەن بۆ ئەوەی ئاوارەکان لە گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان بێبەشبکەن و بێ لێکۆڵینەوە ناچاریان دەکەن وەکو نیشتەجێی دەرەوەی زێدی خۆیان بمێننەوە".
هەر لە راگەیەندرادراوەکەى وەزارەتى ناوخۆدا هاتووە، ناچارکردنی ئاوارەکان بە تێکەڵبوونی زۆرەملێ لە ناوچەکانی دەرەوەی زێدی خۆیان، دۆخی دیموگرافیی نوێ دروستدەکات کە دژی دەقەکانی دەستوور دەبێت و جۆرێکە لە جۆرەکانی گۆڕینی دیمۆگرافی بەشێوەی نایاسایی.
وەزارەتى ناوخۆ داوادەکات، حکومەتی فیدراڵ ئەو بڕیارانەی وەزیری کۆچ و کۆچبەران رابگرێت و جێبەجێنەکرێت، نوێنەری تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ کار بکەن بۆ راگرتنی ئەو بڕیارانە.
وەزارەتەکە دەشڵێت، پێویستە پەلە بکرێت لە جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگاڵ و دیاریکردنی قایمقامێکی نوێ بۆ شارۆچکەی شنگال.
21/08/2025