پرۆژەیاسای حەشدی شەعبی و هەڵوێستی لایەنەکان

لۆگۆی حەشدی شەعبی
لۆگۆی حەشدی شەعبی

لەنێوان پشتیوانیکردن و رەتکردنەوەدا، ناکۆکییەکان لەسەر تێپەڕاندنی پرۆژەیاسای حەشدی شەعبی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەردەوامە، هەروەک فشارە دەرەکییەکانیش بەردەوامن.

بەگشتى فراکسیۆنە کوردستانییەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، پرۆژەیاساکە رەتدەکەنەوە و دەنگی پێنادەن، شوان کەلاری، پەرلەمانتار فراکسیۆنى پارتی دیموکراتی کوردستان بە کەناڵ8ـی راگەیاند، لەناو لایەنە کوردییەکاندا کۆدەنگییەک هەیە بە ئاڕاستەی رەتکردنەوەی پرۆژەیاساکە.

هاوشێوەی لایەنە کوردستانییەکان، زۆرینەی هاوپەیمانی و فراکسیۆنە سوونییەکانیش پرۆژەیاساکە رەتدەکەنەوە و رێگریی لە هێنانی بۆ ناو هۆڵى ئەنجوومەنەکە دەکەن، لەکاتێکدا زۆرینەی شیعەکان بە توندی پشتیوانیی لێدەکەن.

بەگوتەی شوان کەلاری، تەواوی شیعەکان لەبارەى پرسەکە کۆک نین و لەناو ئەوانیشدا ناکۆکی هەیە و بەشێکیان پشتگیری لە تێپەڕاندنی پرۆژەیاسای حەشدی شەعبی ناکەن.

پرۆژەیاساکە تەنیا لە هۆڵى ئەنجوومەنەکە جێگەى مشتومڕ نییە، بەڵکو لەسەر ئاستی وڵاتانى رۆژئاوا و ئەمریکاش دژایەتیی تێپەڕاندنی دەکرێت، ئەمریکا داوای هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی دەکات و بە جێبەجێکاری پرۆژەی ئێران لە عێراق ناویاندەبات، لەکاتێکدا ئێران پشتیوانی لە تێپەڕاندنی پرۆژەیاساکە دەکات، بۆ بە فەرمی ناساندنی حەشدی شەعبی و جێکردنەوەیان لەناو سوپای عێراقدا.

دوای ئەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، کارنامەى دانیشتنەکانی رۆژانی 25 بۆ 27ـى ئابی راگەیاند و خوێندنەوە بۆ پرۆژەیاسای حەشدی شەعبی لە کارنامەکەدا نەبوو، هادی سەلامی، پەرلەمانتار لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، لابردنی پرۆژەیاساکە لە بەرنامەی کاردا، دوای کۆبوونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی بووە.