وەزارەتی ناوخۆ: کامێراکانی تیژڕەوی سەرپێچیی سەرجەم ئۆتۆمبێلە عێراقی و بیانییەکانیش تۆماردەکەن
بەهزاد ئەحمەد 24/08/2025
وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، کامێراکانی تیژڕەوی سەرپێچیی سەرجەم ئۆتۆمبێلەکان تۆماردەکەن، بەتایبەتیش ئۆتۆمبێلەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق، یان ئۆتۆمبێلە تابلۆ بیانییەکان.
وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاگاداری سەرجەم شۆفێرەکان دەکاتەوە، کە پێویستە پابەندبن بە رێنماییەکانی هاتوچۆوە.
دەشڵێت، کامێراکانی تۆمارکردنی تیژڕەوی لە هەرێمی کوردستان، توانای تۆمارکردنی سەرپێچیی هەموو جۆرە تابلۆیەکی ئۆتۆمبێلیان هەیە.
وەزارەتی ناوخۆ جەختی لەوەشکردووەتەوە، هەر شۆفێرێک سەرپێچی ئەنجامبدات، دواتر رووبەڕووی سزای دارایی دەکرێتەوە، تەنانەت ئەگەر ئۆتۆمبێلەکەی تابلۆی شارەکانی دیکەی عێراق یان تابلۆی بیانی بێت، سەرپێچییەکان تۆمار دەکرێن و پێبژاردنیان بۆ دەنێرنەوە.
بەهزاد ئەحمەد
24/08/2025