سەفوەت جەڕاح.. جەنەڕاڵی شانۆی کوردی
سەفوەت عەلی محەمەد مەحمود جەڕاح، دەرهێنەر، نووسەری سکرینپلەی، شانۆکار، فیلمساز و ئەکتەرێکی دیاری کورد بووە.
ساڵی 1935 لە گەڕەکی قەڵاتی کۆیە لەدایکبووە و بە رەچەڵەک هەولێرییە، رێکەوتی 19ـی تەمموزی 2010 کۆچی دوایی کردووە.

دەستپێکی سەفوەت جەڕاح لە کاری هونەرییدا، دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی 1953 بۆ 1954، لە شاری هەولێر وەکو ئەکتەر کاری کردووە و بەشداریی لە شانۆگەرییەکانی شارەکە کردووە، لە شانۆییەکی "Otello" لە دەرهێنانی جەواد رەسوڵ ناجی، بە کارەکتەری دێزدەمونە بەشداریی کردووە و وەکو ژن رۆڵی گێڕاوە، بەو هۆکارەی لەو سەردەمەدا، هێشتا خانمان تێکەڵی کاری هونەریی شانۆ نەبوون، سەفوەت جەڕاح بووە بە یەکێک لە سەرەتاییترین ئەو هونەرمەندانەی کورد کە رۆڵی کارەکتەری ژنیان گێڕاوە.

ساڵی 1959 بەشی شانۆی پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی بەغدادی تەواوکردووە، ساڵانی 1970 بۆ 1999، کاری بەڕێوەبردن و بەرهەمهێنانی شانۆیی کردووە و فیلمسازیش بووە، وەکو بەڕێوەبەر لە دەزگای سینەما، شانۆ، کۆشکی رۆشنبیری و هونەر لە بەغداد کاری کردووە، هاوکات لە هەولێریش بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی سینەما و شانۆ و هونەرە میللییەکان بووە.

سەفوەت جەڕاح، لەسەر ئاستی ناوخۆی باشووری کوردستان و عێراق، کاری لەسەر شانۆ و فیلم کردووە، خاوەنی کارەکتەرێکی توندوتۆڵ بووە و بە جەنەڕاڵی شانۆ ناویان بردووە.

10 کاتژمێر پێش ئێستا