ئەمڕۆ 37 ساڵ بەسەر ئەنفالى بادینان تێپەڕدەبێت
ئەمڕۆ 37 ساڵ بەسەر ئەنفالى بادینان تێپەڕدەبێت کە لەم قۆناغەى ئەنفالدا 32 هەزار کەس ئەنفالکران و 450 گوندى ناوچەکەى بادینان وێرانکران.
دەسەڵاتى بەعس لە قۆناغى هەشتەم و کۆتا قۆناغى ئەنفال، لە 25ـى ئابی 1988 پرۆسەى ئەنفالى بادینانى دەستپێکرد و ناوچەکانى زاخۆ، ئامێدى، شێخان و ئاکرێى گرتەوە.
لەم قۆناغەدا دەسەڵاتى بەعس رۆژى 24ـى ئاب هێرشى کیمیایى بۆسەر ناوچەى زیرەشکانى سەر سنوورى عێراق و تورکیا دەستیپێکرد.
لە 28ـى ئاب، هێرشى زەمینی دەستیپێکرد، لە ئەنجامدا دەیان هەزار کەس لە دانیشتووانی ناوچەکە ئاوارەی تورکیا و ئێران بوون و ژمارەیەکیش دەستگیرکران. هەندێکیشیان دواتر بە ناچاری لە لێبووردنەکەی شەشى ئەیلولی 1988 خۆیان دا بەدەستەوە.
لە ئێوارەى 29ـى ئاب بە هەزاران کەسی ناوچەکانی زێبار و بەری گارە، گەمارۆدران و پاشان گواسترانەوە بۆ دوو ئۆردووگا، بەشێکیان کە گەنجەکان بوون، لە قەڵای نزارکێی دهۆک کۆکرانەوە، ژن و منداڵەکانیش بۆ گرتووخانەى سەلامیەی موسڵ گواسترانەوە.
هەروەها دەسەڵاتى بەعس لە قۆناغى هەشتى ئەنفال هێرشیکردەسەر گوندە مەسیحییەکانی ناوچەکە، دوای بۆردوومان و سووتاندن و وێرانکردنی گوندەکانیان، دانیشتووانەکانیان برانە گرتووخانەى سەلامیەی موسڵ، 152 کەس لە مەسیحییەکانیش گولـلەباران کران، کە زۆربەیان خەڵکی گوندەکانی مێزێ لە سەرسنگ و گوندە کۆسە لە دۆسکی و کانی بەڵاڤ لە بەرواری باڵا و گوندی باش و گوندی قارولە لە نێروا و دەرکەش لە ئامێدی بوون.
قۆناغى هەشتى ئەنفال تاوەکو شەشى ئەیلولى 1988 بەردەوامبوو لە کۆى شاڵاوى ئەنفالى بادینان نزیکەى 32 هەزار کەس گولـلەباران و بێسەروشوێنکران، 450 گوندیش وێرانکران، زیاتر لە 100 هەزار کەسیش ئاوارەى تورکیا و ئێران بوون، ئەوانی دیکەش گواسترانەوە بۆ کۆمەڵگاکانی نزیک هەولێر.

25/08/2025