شێرپەنجەی سییەکان چییە؟
شێرپەنجەی سییەکان نەخۆشییەکە کە بە دابەشبوونی کۆنتڕۆڵنەکراوی خانەکان دەناسرێتەوە. لە بارودۆخی ئاساییدا، خانەکان لە ژێر کۆنترۆلی جەستەدا دابەشدەبن، بەڵام هەندێک حاڵەت هەن کە گۆڕان ڕوودەدات و دەبێتەهۆی دابەشبوونی بەردەوامی ئەم خانانە بەبێ کۆنترۆڵ، تەنانەت ئەگەر زیادبوونەکە پێویستیش نەبێت. کاتێک خانە زیانپێگەیشتووەکان بەبێ کۆنتڕۆڵ دابەش دەبن، گرێ دروستدەکەن، کە لە کۆتاییدا دەبێتە رێگر لە کارکردنی گونجاوی ئەندامانی جەستە.
نیشانەکانی شێرپەنجەی سییەکان چین؟
زۆربەی نیشانەکانی شێرپەنجەی سییەکان لە نەخۆشییەکانی دیکە دەچن. زۆربەی خەڵک تاوەکو نەخۆشییەکە نەگاتە قۆناغێکی پێشکەوتوو نیشانەکانی نەخۆشییەکە نابینن، بەڵام هەندێکیان لەوانەیە زووتر نیشانەکانی نەخۆشیەکەیان لەسەر دەربکەوێت، لەوانە کۆکەی بەردەوام کە بە تێپەڕبوونی کات خراپتر دەبێت، هەناسەدان بە ئەستەم یان هەناسەتوندی، ئازاری سنگ، خیزەی سنگ، کۆکەی خوێناوی، دابەزینی کێش بێ هۆکار، ماندووبوونی بێ هۆکار، ئازاری شان، هەڵاوساویی دەموچاو، مل و قۆڵ یان بەشی سەرەوەی سنگ.
هۆکارەکانی زیادبوونی مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجەی سییەکان
لە کاتێکدا زۆر هۆکار هەن کە مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجەی سییەکان زیاد دەکەن، بەڵام جگەرەکێشان گەورەترین هۆکاری تووشبوونە، شارەزایان مەزەندەی دەکەن کە %80ی گیانلەدەستدان بەهۆی شێرپەنجەی سییەکانەوە پەیوەندی بە جگەرەکێشانەوە هەیە. هۆکارەکانی دیکە بریتین لە: بەرکەوتن لەگەڵ دووکەڵی جگەرەکێشانی کەسانی دیکە، بەرکەوتن لەگەڵ ماددە زیانبەخشەکانی وەک رادۆن، ئەسبێستۆس، یۆرانیۆم، گزۆزی دیزڵ، سیلیکا، بەرهەمەکانی خەڵوز و ژەهری هەوا، چارەسەری تیشکدانەوە بۆ سنگ (بۆ نموونە شێرپەنجەی مەمک یان لیمفۆما)، هەبوونی بۆماوەیی خێزانی شێرپەنجەی سییەکان.
چۆن رێگری لە شێرپەنجەی سییەکان بکرێت؟
لەبەر ئەوەی ئێمە نازانین هۆکاری تەواوی زۆربەی شێرپەنجەکان چییە، تەنیا رێوشوێنی خۆپاراستن بریتییە لە: وازهێنان لە جگەرەکێشان و ماددەکانی دیکە کە زیان بە سییەکان دەگەیەنن، خۆراکی تەندروست و کێشی تەندروست، خواردنی میوە و سەوزە کە یارمەتیدەرن بۆ کەمکردنەوەی مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجە، ئەوکەسانەی مەترسی زۆریان لەسەرە پێویستە پشکنینی پێشوەختە بۆ شێرپەنجەی سییەکان ئەنجام بدەن.
ئامادەکردنی: ئاسۆ فازڵ (خوێندکاری پزیشکی)
26/08/2025