ئەنجوومەنی نوێنەران هەموارى یاساى زیندانییانى سیاسى پەسەندکرد

باڵەخانەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
باڵەخانەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق

ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، هەمواری یاسای دامەزراوەی زیندانییانی سیاسی پەسەندکرد، هەروەها دەنگیدا لەسەر لیستی باڵیۆزەکان .

کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی نوێنەران بە ئامادەبوونی 169 ئەندام و بە سەرۆکایەتیی مەحمود مەشهەدانی بەڕێوەچوو.

لە کۆبوونەوەکەدا دەنگدرا لەسەر هەموارى یاساى دامەزراوەى زیندانییانى سیاسى، کە بەگوێرەى هەموارەکە سەرجەم زیندانیانى سیاسى و بەرکەوتووانى چەکی کمیایی لە عێراق و هەرێمى کوردستان وەک یەک ماف و شایستە داراییەکانیان بۆ دابیندەکرێت.

بەگوێرەى هەموارى یاساکە، وەزارەتى دارایى فیدراڵ پێویستە لەگەڵ حکومەتى هەرێمى کوردستان هەماهەنگى بکات بۆ جێبەجێکردنى یاساکە.

هەر بەگوێرەی یاساکە، ئەگەر ئەو کەسەی یاساکە دەیگرێتەوە، کۆچی دوایی بکات، ئەوا ماف و شایستەکانی بۆ کەسوکارەکەی دەگوازرێتەوە و بە یەکسانی لەنێوانیاندا دابەشدەکرێت.

هاوکات ئەنجوومەنی نوێنەران لە کۆبوونەوەکەدا، لیستی باڵیۆزەکانی پەسەندکرد کە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە رەوانەکرابوو کە ژمارەی بەربژێرەکان 93 کەس بوو، لەو ژمارەیەش 18ـیان کوردبوون.