ناوى 93 باڵیۆز پەسەندکرا و 18یان کوردن
ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق لیستى ناوى 93 باڵیۆزى پەسەندکرد، کە 18ـیان لەسەر پشکى کوردن، سەرۆکوەزیران و وەزارەتى دەرەوەش پێشوازی لەو هەنگاوە دەکەن.
ناوى باڵیۆزەکان لەلایەن ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراقەوە رەوانەى ئەنجوومەنى نوێنەران کرابوو، لە دانیشتنى دوێنێ سیشەممەدا بە ئامادەبوونى 169 پەرلەمانتار پەسەندکران.
ڤیان سەبرى، سەرۆکى فراکسیۆنى پارتى دیموکراتى کوردستان بە کەناڵ8ـى راگەیاند، لەو 93 باڵیۆزەى ناوەکانیان پەسەندکرا 18یان کوردن.
بەگوێرەى زانیارییەکانى کەناڵ8، لە 18 باڵیۆزەکە، نۆ باڵیۆزیان لە پارتى دیموکراتى کوردستان و هەشتیان لە یەکێتیى نیشتمانى کوردستان و یەک باڵیۆزیشیان لە پێکهاتەى ئێزدییەکانە. هەروەها محەمەد سەمیر نەقشبەندی، بە نەتەوە کوردە و لەسەر لیستی تەقەدوم بە باڵیۆز دیاریکراوە.
پاش پەسەندکردنى ناوەکان، محەمەد شیاع سودانى سەرۆکوەزیرانى عێراق رایگەیاند، توانیویانە لەگەڵ لیژنەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى ئەنجوومەنى نوێنەران و هێزە سیاسییەکان کێشەى دانانى باڵیۆزەکان چارەسەر بکەن، گوتیشى "لەساڵى 2009ـەوە نەتوانراوە ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێت".
هاوکات وەزارەتى دەرەوەى عێراق، پەسەندکردنى لیستى باڵیۆزەکانى بە "گرنگ بۆ پێگەى دیپلۆماسى عێراق لە ئاستى نێودەوڵەتى و پاراستنى بەرژەوەندییە باڵاکانى وڵات و خزمەتکردنى زیاتر بە رەوەندى عێراقى" ناوبردووە.
27/08/2025