ئەوروپا: پێویستە پوتن بێتە سەر مێزی گفتوگۆ
ئورسولا ڤۆن دێرلاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا رایگەیاند، پێویستە ڤیلادیمیر پوتن، سەرۆکی رووسیا، بێتە سەر مێزی گفتوگۆ.
ڤۆن دێرلاین، بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و ڤۆڵۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا کرد و پاش پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانیش لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، پاش هێرشە چڕەکەی رووسیا بۆسەر نووسینگەکانی ئەوروپا لە کیێڤ، پێویستە پوتن بێتە سەر مێزى گفتوگۆ.
ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە، دەبێت ئاشتییەکی درێژخایەن و دادپەروەرانە زامنبکەن، لەگەڵ گەرەنتیکردنی ئاسایشی ئۆکرانیا و هاوکاریکردنی بۆ گەڕانەوە بۆ دۆخی پێش جەنگ.
شەوی رابردوو، رووسیا گەورەترین هێرشی کردە سەر کیێڤی پایتەختی ئۆکرانیا و بەهۆیەوە 17 کەس کوژران و ئۆفیسەکانی پەیوەندی دیپلۆماسیی ئەوروپاش زیانیان پێگەیشت.
ئەوە لەکاتێکدایە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ناوەڕاستی ئەم مانگە لەگەڵ پوتن کۆبووە و دواتر سەرکردەکانى ئۆکرانیا و ئەوروپای لە ناو خاکی وڵاتەکەی کۆکردەوە و رایگەیاند، بە هەر نرخێک بێت، دەبێت جەنگ رابگیرێت و پاراستی ئاسایشی ئۆکرانیاش زامنبکرێت.
رووسیاش لەوبارەیەوە رایگەیاند، هەوڵەکانی ئاشتی بە گرنگ دەزانن، بەڵام جەنگ راناگرن، وڵاتانی رۆژئاواش، لە ئێستادا سەرقاڵی رێکارەکانی زامنکردنی ئاسایشی ئۆکرانیان بۆ جێکردنەوەیان لە هەر رێککەوتنێک لەوبارەیەوە بکرێت.
28/08/2025