نەتەوەیەکگرتووەکان: لە سێدارەدان لە ئێران زۆر زیادیکردووە
نەتەوەیەگرتووەکان رایگەیاند، سزای لە سێداران لە ئێران زۆر زیادیکردووە و ئەمساڵ تاوەکو ئێستا 841 کەس بە تاوانی جۆراوجۆر لە سێدارەدراون.
راڤینا شامداسانی، گوتەبێژی کۆمسیۆنی مافی مرۆڤی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاند، لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2025، زیابوونێکی گەورە لە ژمارەی لەسێدارەدانەکان هەیە کە تەنیا لە مانگی تەمموزدا 110 کەس لەو وڵاتە لە سێدارەدراون کە دوو هێندەی تەمموزی 2024ـە.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئێستادا 11 کەسی دیکە لە ئێران مەترسی لە سێدارەدانیان لەسەرە کە شەش کەسیان بە تۆمەتی یاخیبوونی چەکداری ئەو سزایەیان بەسەردا سەپێندراوە.
نەتەوە یەکگرتووەکان دەشڵێت، حکومەتی ئێران سزای لە سێدارە وەکو ئامرازێک بۆ ترساند و تۆقاندنی خەڵکەکەی بەکاردەهێنێت.
لە چەند رۆژی رابردوودا رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی هۆشداریدا لە جێبەجێکردنى سزاى لەسێدارەدانی چوار گیراوی سیاسیی رۆژهەڵاتی کوردستان لە ئێران و رایگەیاند، نادادپەروەرانە دادگاییکراون و لە ژێر ئەشکەنجەدا دانپێدانانیان لێوەرگیراوە.
بەگوێرەی ئەمنستی ئینتەرناشناڵ لە دوای چین، ئێران پلەی دووەمی وڵاتی جیهانی لە جێبەجێکردنی سزای لە سێدارەدان گرتووە.
29/08/2025