عێراق و بەریتانیا رێککەوتنێکی نوێیان بۆ ناردنەوەی پەنابەران واژۆکرد
رۆژی 20ـی ئابی 2025، بەریتانیا گرێبەستێکی نوێی لەگەڵ عێراق واژۆکرد بە ئامانجی خێراکردنی دیپۆرتکردنەوەی ئەو پەنابەرانەی مافی مانەوەیان لە وڵاتەکەیاندا نییە.
رێککەوتنەکە لە چوارچێوەی سەردانێکی دوو رۆژەی فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراقدا هات بۆ بەریتانیا، کە لەگەڵ دان جارڤیس، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا رێککەوتنەکەیان واژۆکرد.
حکومەتی بەریتانیا ئەنجامدانی ئەم رێککەوتنەی بە کاریگەر ناوبرد، بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هەماهەنگیی نێوان هەردوو وڵات، لە رووبەڕووبوونەوەی کۆچی نایاساییدا.
حکومەتی بەریتانیا رایگەیاند، رێککەوتنەکە فەرمییە، مەبەست لێی، خێراکردنی دیپۆرتکردنەوەی ئەو پەنابەرانەیە، هیچ مافێکی یاسایییان لە بەریتانیا نییە و سەرجەم ئەو کۆچبەرانە دەگرێتەوە کە مافی نیشتەجێبوونیان لەو وڵاتەدا نییە.
ئەم رێککەوتنە بەشێکە لە هەوڵەکانی پێشوو، بۆ هەماهەنگیکردن لە بەرەنگاربوونەوەی باندەکانی قاچاخچێتی و رێگریکردن لە بەزاندنی کەناڵی ئینگلیز بە بەلەمی قاچاخی بچووک.
ساڵی رابردووش، بەریتانیا رەزامەندیی دەربڕی لەسەر گرێبەستێکی 800 هەزار پاوەنی، بۆ بەهێزکردنی ئاسایشی سنوورەکانی عێراق، کە ئامانج لێی رووبەڕووبوونەوەی قاچاخچێتی بوو بە مرۆڤەوە.
لەمساڵدا زیاترلە 27 هەزار کۆچبەر لە رێگەی بەلەمی قاچاخەوە پەڕیونەتەوە بۆ بەریتانیا، لەکاتێکدا لە هەمان ماوەی ساڵی رابردوودا نزیکەی 18 هەزار کۆچبەر ئەو گەشتە مەترسیدارەیان ئەنجامداوە.
بەگوێرەی ئاماری فەرمیی وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا، ژمارەی ئەو عێراقییانەی تاوەکو کۆتایی مانگی ئازاری ئەمساڵ پەڕیونەتەوە بۆ بەریتانیا، نزیکەی هەزار و 900 کەسن، لەکاتێکدا ساڵی پار لە هەمانکاتدا دوو هەزار و 600 هاوڵاتیی عێراقی پەڕیونەتەوە بۆ بەریتانیا.
نزیکەی 26%ـی ئەو عێراقییانەی لە ئەمساڵدا گەیشتوونەتە بەریتانیا، مافی پەنابەرییان پێدراوە.
31/08/2025