ئیسرائیل: سەرکردەکانی حەماس لە دەرەوەی وڵات دەکەینە ئامانج

ئیال زامیر، سوپاسالاری ئیسرائیل فۆتۆ: The Times of Israel
ئیال زامیر، سوپاسالاری ئیسرائیل فۆتۆ: The Times of Israel

سوپاسالاری ئیسرائیل رایگەیاند، پاش کوشتنی ئەبو عوبەیدە، گوتەبێژی باڵی سەربازیی حەماس، هەموو سەرکردەکانی ئەو بزووتنەوەیە لە دەرەوەی وڵات دەکەنە ئامانج.

ئیال زامیر، سوپاسالاری ئیسرائیل، لەمیانی بەسەرکردنەوەی ناوەندی فەرماندەیی باکوور رایگەیاند، کوشتنی ئەبو عوبەیدە، یەکێک لە سەرکردە دیارەکانی حەماس کۆتایی یارییەکە نییە، زۆربەی سەرکردەکانی ئەو بزووتنەوەیە لە دەرەوەی وڵاتن و دەیانکەنە ئامانج.

بەگوێرەی رۆژنامەی مەعاریفی ئیسرائیلی، ئێستا تەنیا عزەدین حەداد فەرماندەی لیوای شاری غەززە لە لیستی داواکراوانی ئیسرائیل لە غەززە ماوە و سەرجەم داواکراوەکانی دیکە کوژراون، بەڵام بەشێک لە سەرکردەکانی ئەو بزووتنەوەیە لە دەرەوەی وڵاتن.

ئەوە لە کاتێکدایە تەمموزی ساڵی رابردوو، ئیسماعیل هەنییە، بەرپرسی مەکتەبی سیاسیی حەماس لە تارانی پایتەختی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەلایەن ئیسرائیلەوە کرایە ئامانج و کوژرا.

لە ئێستاشدا، ئیسرائیل هێزەکانی لە چواردەوری شاری غەززە لە باکووری کەرتەکە کۆکردووەتەوە و بەنیازە شارەکە کۆنترۆڵبکات، بەرپرسانی حەماسیش بەڵێنی رووبەڕووبوونەوەیان داوە.