پوتن: دەبێت پرسی فراوانکردنی ناتۆ چارەسەربکرێت

دیداری پڤیلادیمیر پوتن، سەرۆکی رووسیا لەگەڵ  شی جین پینگ سەرۆکی چین فۆتۆ: AFP
دیداری پڤیلادیمیر پوتن، سەرۆکی رووسیا لەگەڵ شی جین پینگ سەرۆکی چین فۆتۆ: AFP

ڤیلادیمیر پوتن، سەرۆکی رووسیا پاش کۆبوونەوەی لەگەڵ شی جین پینگ، سەرۆکی چین و نارێندرا مۆدی، سەرۆکوەزیرانی هیندستان، رایگەیاند، بۆ بەرەوپێشبردنی ئاشتی ئۆکرانیا، پێویستە پرسی فراوانکردنی ناتۆ کە باسی لێوەکراوە چارسەربکرێت.

پوتن، ئەمڕۆ دووشەممە، راشیگەیاند، وڵاتانی رۆژئاوا هەوڵیانداوە ئۆکرانیا بخەنە ناو بازنەی دەسەڵاتدارێتی خۆیان و دواتریش لەو رێگەیەوە یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو بخەنە ژێر هەژموونی هاوپەیمانێتی سەربازیی ناتۆ، کە ئەمریکا رابەرایەتی دەکات.

گوتیشی، بۆئەوەی سەقامگیری بۆ ئۆکرانیا بگەڕێتەوە و ئاشتییەکی هەمیشەیی دروستببێت، پێویستە رەگ و ریشەی قەیرانەکە دەربهێنرێت، کە چارەسەرکردنی پرسی فراوانکردنی ناتۆ و گێڕانەوەی کەشێکی ئاسایشی هاوسەنگە لەنێوان وڵاتانی ناوچەکەدا.

لە لوتکەی 2008ـی بوخارست، سەرکردەکانی هاوپەیمانیی ناتۆ رازیی بوون بە وەرگرتنی هەریەک لە ئۆکرانیا و جۆرجیا وەک ئەندامی هاوپەیمانێتییەکەیان، لە ساڵی 2019ش ئۆکرانیا دەستووری خۆی بەجۆرێک گۆڕی کە ئەندامبوونیان لە ناتۆ و یەکێتی ئەوروپا قبوڵبکات.

رەتکردنەوەی ئەندامێتی ئۆکرانیا لە ناتۆ داواکارییەکی سەرەکی رووسیا بووە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا و ئەو داواکارییەشی لە هەوڵەکانی ئیدارەی ترەمپ بۆ راگەیاندنی ئاشتی دووپاتکردەوە.