گویرلەک: لێکۆڵینەوەکانی شارەوانیی ئیستانبوڵ گەورەترین دۆسیەی تورکیایە
داواکاری گشتیی ئیستانبوڵ دەڵێت، لێکۆڵینەوەکان لە شارەوانیی ئیستانبوڵ، گەورەترین دۆسیەی گەندەڵیی 100 ساڵی رابردووی تورکیایە.
لێکۆڵینەوەکانی دۆسیەی گەورەشارەوانیی ئیستانبوڵ کە لەژێر دەستی جەهەپەدایە، بەردەوامە و تاوەکو ئێستا زیاتر لە 360 کەس دەستگیرکراون و نزیکەی 100 کەس زیندانیکراون، کە دیارترینیان، ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی دوورخراوەی شارەوانیی ئیستانبوڵە.
لەو بارەیەوە ئاکن گویرلەک، داواکاری گشتیی ئیستانبوڵ بە میدیاکانی وڵاتەکەی راگەیاندووە، دۆسیەی شارەوانیی ئیستانبوڵ، گەورەترین دۆسیە و لێکۆڵینەوەی گەندەڵییە، لە مێژووی 100 ساڵەی کۆماری تورکیا.
گویرلەک ئاماژەی بەوەکردووە، تەنیا لەسەر بوونی شایەتحاڵ هیچ کەسێک زیندانی ناکەن و هەموو ئەوانەی خراونەتە زیندان، بەڵگەیان لەسەرە.
سەرۆکی داواکاری گشتیی ئیستانبوڵ لەبارەی داواکارییەکانی جەهەپە بۆ گواستنەوەی راستەوخۆی پرۆسەی دادگاییکردنەکان گوتی، گرنگ نییە بەلایانەوە دادگاییکردنەکان لە تەلەڤیزیۆنەکانەوە دەگواسترێنەوە یان نا، چونکە تەواوی دۆسیەکە لەسەر بەڵگە کراوەتەوە.
لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا، جگە لە ئیستانبوڵ، دۆسیەی لێکۆڵینەوە لە چەند شارەوانییەکی دیکەی ژێر دەستی جەهەپە کرایەوە و دەیان سەرۆکی شارەوانی و بەرپرسی شارەوانییەکان دەستگیرکران و ژمارەیەکیشیان خرانە زیندان.
01/09/2025