چوارچێوەی هەماهەنگی پێشوازی لە کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان دەکات
چوارچێوەی هەماهەنگی پێشوازی لە هەنگاوی کشانەوەى هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دەکات بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکەیان لەگەڵ عێراقدا و دەڵێت، بە پەرۆشن بۆ دروستکردنی پەیوەندیی دوو قۆڵی لەگەڵ وڵاتانی هاوپەیمانییەکە.
چوارچێوەی هەماهەنگی، شەوی دووشەممە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا و گفتوگۆیان لەبارەى پرسە ناوخۆیی و هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەکان کردووە.
چوارچێوەی هەماهەنگی لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆیان لەبارەى پرسی ئاو کردووە و گوێبیستی هەڵسەنگاندنەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراق بوون، لەبارەى پرسی ئاو و جەختیان لە جێبەجێکردنی ئەو چارەسەرانە کردووەتەوە، کە لەوبارەیەوە گیراونەتەبەر.
هەر بەگوێرەى راگەیەندراوەکە، چوارچێوەی هەماهەنگی پێشوازیی لەو هەنگاوانەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دەکەن بۆ پابەندبوون بە رێککەوتنەکەیان لەگەڵ حکومەتی عێراق و پەرۆشیی خۆیان بۆ دروستکردنی پەیوەندیی دوو قۆڵیی هاوسەنگ لەگەڵ وڵاتانی ناو هاوپەیمانێتییەکە دەربڕیوە.
ئەم کۆبوونەوەیەی چوارچێوەی هەماهەنگی لەکاتێکدایە، لەچەند رۆژی رابردوودا هێزەکانی ئەمریکا دەستیان بە کشانەوە لە چەند ناوچەیەکی عێراق بە ئاڕاستەی هەولێر و وڵاتێکی دیکەى عەرەبی لە ناوچەکە کردووە.
02/09/2025