پابلۆ پیکاسۆ.. کیمیاگەری هونەری سەدەی بیستەم

لەکۆتاییەکانی سەدەی 19 لەدایکبووە، یەکێکە لە دیارترین شێوەکارەکانی جیهان و توانیوویەتی لەمیانی ژیانیدا، شێواز و رەوتی هونەریی تایبەت بە خۆی دابمەزرێنێت و خاوەنی دەیان هەزار کاری هونەرییە.

پابلۆ رویز، ناسراو بە پابلۆ پیکاسۆ، 25ی تشرینی یەکەمی 1881، لە ئیسپانیا لەدایکبووە، نیگارکێش، دیزاینەری سەکۆی هونەریی، سیرامیسیست و پەیکەرتاش بووە، کاریگەرترین هونەرمەندی سەدەی بیستەمە و یەکێکە لە دامەزرێنەرانی رەوتی هونەریی کیوبیزم.

هەر لە سەرەتاکانی تەمەنیدا، پیکاسۆ لەرێی هونەرەوە، گوزارشتی لە کەسایەتیی خۆی کردووە، بە نۆ ساڵیی یەکەم تابلۆی کێشاوە، لە تەمەنی 13 ساڵیدا، باوکی پێشانگەیەکی هونەریی بۆ دەکاتەوە و بەمەش توانای راستەقینەی هونەریی پیکاسۆ ئاشکرا دەبێت، هەر لەم تەمەنەدا تاقیکردنەوەی پەیمانگەی هونەرەجوانەکان ئەنجامدەدات و لەماوەی تەنها یەک هەفتەدا وەردەگیرێت.

لەگەڵ بەرەوپێشچوونیدا، لە پاریسی پایتەختی فەڕەنسا دەگیرسێتەوە، ئەمە پاڵنەرێکی گەورە دەبێت بۆ دەرکەووتنی لە چالاکییە هونەرییە دیارەکانی ئەو سەردەمەدا، لەگەڵ "جۆرجێ براک"ی هونەرمەند، رەوتی کیوبیزم دادەمەزرێنن و بەمەش دەرگایەکی نوێ بە رووی هونەری هاوچەرخدا دەکەنەوە.

پیکاسۆ 91 ساڵ ژیاوە، شارەزا هونەرییەکان دەڵێن، لە تێکڕای ژیانیدا توانیوویەتی 147هەزار و 800 کاری هونەریی ئەنجام بدات، کە زیاتر لە 13 هەزاریان نیگار و تابلۆن.

جیاواز لە هەر هونەرمەندێکی تر، پیکاسۆ خاوەنی 23 ناوە، ژیانە هونەرییەکەی بەسەر پێنج قۆناغدا دابەشدەبێت، قۆناغی شین، گوڵان، کیوبیزم، کلاسیک و سوریاڵیزم.

وێنەیەکی پابلۆ پیکاسۆ، لە گالەرییەکی تایبەتی خۆیدا.

لەکاتێکدا وەک شێوەکار ناوبانگی دەرکردووە، خاوەنی سەدان شیعرە و هەر لەم بوارەشدا سەرکەوتنی بەدەستهێناوە، بەراوورد بە تێکڕای هونەرمەندانی جیهان، پیکاسۆ زۆرترین بەرهەمی هونەریی دزراوە، تا ئێستا زیاتر لە هەزار و 100 پارچەی دزراوی ئەم هونەرمەندە نەدۆزراونەتەوە.

لە قۆناغی گەنجییدا و ساڵی 1911، گومانی دزینی تابلۆی بەناوبانگی مۆنالیزای لێدەکرێت، لە دەمی جەنگی جیهانیی دووەمیشدا، رەتیدەکاتەوە پاریسی كۆنترۆڵكراو جێبهێڵێت و لە قۆناغی فەرمانرەوایەتیی نازییەکان لە فەرەنسا، نمایشکردنی تابلۆکانی قەدەغەدەکرێت.

پیکاسۆ، هەشتی نیسانی 1973بەهۆی جەڵتەی دڵەوە کۆچی دواییدەکات، لە قەڵایەکی باشووری فەرەنسا دەنێژرێت و گەنجینەیەکی دەوڵەمەندی هونەریی دوای خۆی جێدێڵێت.