کۆبوونەوەى سێقۆڵی لە بارەى دۆسیەى نەوت لە بەغداد بەڕێوەچوو

لۆگۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی نەوتی عێراق
لۆگۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی نەوتی عێراق

ئەمڕۆ سێشەممە، 2ـی ئەیلوولى 2025، لە شارى بەغداد، کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵى لەنێوان هەردوو وەزارەتی نەوتی عێراق و سامانەسروشتییەکانى هەرێمى کوردستان و کۆمپانیاکانی نەوت بەڕێوەچوو، بەمەبەستى هەناردەکردنەوەى نەوتى هەرێمى کوردستان.

سەرچاوەیەکى ئاگادار بە کەناڵ8ـی راگەیاند، کۆبووەنەوەکە درێژەپێدەری کۆبوونەوەکانی رابردوو بووە لەگەڵ ئەپیکۆر، کە لە 11ـی ئابى مانگى رابردوو، شاندێکى وەزارەتی نەوتی عێراق لە هەولێر لەگەڵ کۆمپانیاکانی نەوت و وەزارەتى سامانە سروشتیەکان کۆبوونەوە.

بە گوێرەی سەرچاوەکە، نوێنەری کۆمەڵەی نەوتی کوردستان ناسراو بە ئەپیکور لە کۆبوونەوەکەدا جەختیکردووەتەوە لە زامنکردنى پێدانەوەی قەرزەکانیان بە نووسراوى فەرمى لەلایەن وەزارەتى نەوتى عێراقەوە.

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشى ئاشکراکرد، ئێستا لایەنەکانى جددین لە چارەسەرکردنى کێشەکانی پەیوەست بە هەناردەکردنەوەی نەوت و داواکارییەکانی ئەپیکور و لەوانەیە سبەی جارێکی دیکە کۆببنەوە.