ئەمریکا سزای بە سەر بازرگانێک و چەند کۆمپانیایەکی عێراقدا سەپاند
ئەمریکا بەتۆمەتی فرۆشتنی نەوتی ئێرانی بە قاچاخ، سزای بە سەر بازرگانێکی دیاری عێراقی و چەند کۆمپانیایەکیدا سەپاند.
وەزارەتەکانی دەرەوە و گەنجینەی ئەمریکا بڵاویانکردەوە، سزایان سەر وەلید سامەڕایی بازرگانی دیاری عێراقی و ژمارەیەک کۆمپانیا و کەشتیی گوازەرەوەی نەوتدا سەپاندووە.
ئاماژەیان بەوەشکردووە، ئەو بازرگانە و کۆمپانیاکانی نەوتی ئێرانیان بە ناوی نەوتی عێراقەوە بردووەتە بازاڕەکانی جیهان و فرۆشتوویانە و سەدان ملیۆن دۆلار داهاتیان بۆ حکومەتى ئێران دابینکردووە.
بەگوێرەی وهزارهتی گهنجینهی ئەمریکا، وەلید سامەرایی، هەڵگری رەگەزنامەی عێراقی و سەینت کیتسییە و خاوەندارێتی تۆڕێک له کهشتی نەوتی و کۆمپانیا دهکات و بهکاریان دههێنێت بۆ بەقاچاخبردنی نهوتی ئێران.
سەبارەت بە شوێنی نیشتەجێبوونی بازرگانە عێراقییەکە، وهزارهتی گهنجینەی ئەمریکا ئاشکرایکرد، وەلید سامەرایی له ئیمارات نیشتەجێیە و خاوەندارێتی کۆمپانیاکانی بابیلۆن ناڤیگەیشن و گالاکسی ئۆیل دەکات، تۆڕەکەی سامەرایی ساڵانە نزیکەی 300 ملیۆن دۆلار داهات بۆ ئێران و هاوبەشەکانی دابیندەکات.
وهزارەتی گهنجینهی ئەمریکا راشیگەیاندووە، ئەمریکا کار دهکات بۆ بهرهنگاربوونهوهی کاریگهری ئێران بەسەر عێراقەوە، بەردەوام دەبێت لە پەیڕەوکردنی رێوشوێنەکانی سەپاندنی ئەوپەڕی سزا بەسەر ئێران و سەرچاوەی داهاتی نەوتی وڵاتەکە.
02/09/2025