لە عێراق داوا بۆ تۆمارکردنى چەک بەرزبووەتەوە
لە عێراق داوا بۆ تۆمارکردنی چەک زیادیکردووە، بۆ ئەم مەبەستەش وەزارەتی ناوخۆی عێراق بەردەوامە لە کردنەوەی فەرمانگەی نوێ، بۆ تۆمارکردنی چەک.
بەگوێرەی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، 33 فەرمانگەی نوێی تۆمارکردنی چەک لە سەرتاسەری وڵاتدا کراوەتەوە، ئێستا ژمارەیان 730 فەرمانگەیە، جگە لە کردنەوەی 60 نووسینگەی دیکەش، بە مەبەستی ئاسانکاری بۆ تۆمارکردنی چەک.
بەگوێرەی وەزارەتەکە، پلاتفۆڕمێکی ئەلیکترۆنیش کراوەتەوە بەناوی "پلاتفۆڕمی ئوور"، لەم رێگەیەوە ئەوانەی خواستی تۆمارکردنى چەکیان هەیە، دەتوانن داواکاری پڕبکەنەوە.
عەباس بەهادلی، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق بە رۆژنامەی سەباحی راگەیاندووە، رۆژانە 750 بۆ چوار هەزار داواکاری بۆ تۆمارکردنی چەک پێشکەشدەکرێت.
دەشڵێت، وەزارەتەکە چەند تیمێکی گەڕۆکی داناوە، بۆ پاڵپشتیکردنی هێزەکانی پۆلیس و ناوخۆ، ئەمەش هاوکاربووە لە بەرزبوونەوەی بەرچاو بۆ داوای تۆمارکردنی چەک، ئاماژەی بەوەشکردووە، وەزارەتەکە تەنیا رێگا بە خاوەندارێتیی چەک دەدات نەک هەڵگرتنی.
لە عێراق چەند رێکارێکی یاسایی هەن بۆ ئەوانەی دەیانەوێت چەک تۆماربکەن، بەگوێرەی بڕگەکانی یاسای ژمارە 51ـی ساڵی 2017، پێویستە کەسەکە عێراقی بێت، تەمەنی سەروو 25 ساڵ بێت، لەڕووی جەستەیی و دەروونییەوە گرفتی نەبێت، هیچ تاوانێکی ئەنجام نەدابێت، لەلایەن یاساوە داواکراو نەبێت وهۆکارێکی دیاریکراوی هەبێت بۆ خاوەندارێتیکردنی چەک.
03/09/2025