هۆرمۆنی شیر و کاریگەرییەکانی

هۆرمۆنی شیر هۆرمۆنێکە بەرپرسە لە رێکخستنی پرۆسەی شیردان و گەشەکردنی هەندێک شانەی مەمک. رێژەی هۆرمۆنی شیر لە کاتی دووگیانی یان شیرداندا بەرز دەبێتەوە

هۆرمۆنی شیر چی دەکات؟

هۆرمۆنی شیر لە بەجێهێنانی بەشێکی زۆری ئەرکەکانی جەستەدا رۆڵی هەیە، بەڵام بە دیاریکراوی دوو رۆڵی سەرەکی هەیە کە بریتین لە: هاندانی گەشەی رژێنی مەمک لە ناو شانەکانی مەمک، یارمەتیدانی پرۆسەی ئامادەسازی بۆ دروستبوونی شیر لە سەروبەندی منداڵبوون، هۆرمۆنی شیر لەگەڵ هۆرمۆنەکانی ئیسترۆجین و پرۆجێسترۆن گەشەی شانەکانی مەمک و بەرهەمهێنانی شیر بەرز دەکەنەوە، بەتایبەتی پاش لەدایکبوونی منداڵ، رێژەی وەرگرەکانی هۆرمۆنی شیر لەسەر خانەکانی دروستکردنی شیری مەمک زیاددەکات و ئاسانکاری دەردانی شیر لە گۆی مەمکدا دەکات.

رێژەی ئاسایی هۆرمۆنی شیر چەندە؟

بەگشتی رێژەی ئاسایی هۆرمۆنی شیر بۆ پیاوان بریتییە لەکەمتر لە 20 نانوگرام لە میلیلیترێک، بۆ ئەو خانمانەی دووگیان نین یان شیردەر نین: کەمتر لە 25 نانوگرام لە میلیلیترێک، بۆ کەسانی دووگیان یان شیردەر: 80 بۆ 400 نانوگرام لە میلیلیترێک. مەودای بەهای ئاسایی ئاستی هۆرمۆنی شیر لە تاقیگە جیاوازەکاندا کەمێک جیاوازە، بۆیە گرنگە ئاماژە بە مەودای بەهای ئاسایی لە راپۆرتی تاقیگەییدا بکرێت.

چ هۆکارێک دەبێتە هۆی گۆڕانکاری لە ئاستی هۆرمۆنی شیر؟

رێژەی هۆرمۆنی شیر لە کاتی دووگیانی و شیردانی دایکدا بەرز دەبێتەوە. سەرەڕای ئەوەش، بەهۆی بارودۆخی جۆراوجۆرەوە رێژەکە دەگۆرێت لەوانە:  فشاری جەستەیی وەک ئازار،  وەرزشکردن، خواردن، چالاکی سێکسی و هەندێکجاریش بەهۆی گرێی شێرپەنجەیی و ناشێرپەنجەیی.

ئامادەکردنی: ئاسۆ فازڵ