مۆزەخانەی ڤان گۆخ مەترسیی داخستنی لەسەرە
مۆزەخانەی ڤان گۆخ لە هۆڵەندا لەگەڵ حکومەتی وڵاتەکەدا لە ئاڵنگارییەکی داراییدایە، سەرپەرشتیارانی جەخت لە داخستنی دەکەنەوە.

مۆزەخانەی ڤان گۆخ، لە دیارترین مۆزەخانە هونەرییەکانی جیهان و ئەوروپایە، ئێستا سەرپەرشتیارانی جەخت لەوە دەکەنەوە؛ گەر حکومەتی هۆڵەندا و وەزارەتی کولتووری وڵاتەکە هاوکاریی داراییان نەکەن، ناچار دەبن مۆزەخانەکە دابخەن.
ساڵانە 1.8 ملیۆن سەردانیکەر روو لە مۆزەخانەی ڤان گۆخ دەکەن، یەکێکە لە دیارترین پێگە گەشتیاریی و هونەرییەکان بۆ هەوادارانی هونەر و گەشتیارە نێودەوڵەتییەکان.

ئاماژە بەوە دراوە، مۆزەخانەکە لەم ساتەدا پێویستیی بە تەرخانکردنی سیستمێکی گونجاوی گەرمی و ساردیی و جڵەوکردنی کەوتنەوەی ئاگرە، هاوتای تۆکمەکردنی ئاسایشی پارچە هونەرییەکان و باشترکردنی دۆخی کارمەندەکان.

لە ناوەڕۆکی راپۆرتێکی رۆژنامەی نیویۆرک تایمزیش ئاشکرا بووە، ماوەی دوو ساڵە لایەنە حکومەییەکانی هۆڵەندا و مۆزەخانەکە بەشێوەیەکی نهێنیی گفتوگۆیانە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، بەڵام تاوەکو ئێستا نەگەیشتوون بە رێککەوتن.
04/09/2025