سکرتێری ناتۆ: دەبێت رێگەنەدەین پوتن بەهێزتر ببێت

مارک رووتە، سکرتێری گشتیی پەیمانی باکووری ئەتڵەسیی ناسراوبە ناتۆ
مارک رووتە، سکرتێری گشتیی پەیمانی باکووری ئەتڵەسیی ناسراوبە ناتۆ

سکرتێری گشتیی ناتۆ رایگەیاند، بۆ ناردنی هێز بۆ ئۆکرانیا پرس بە رووسیا ناکەن، رووسیاش دەڵێت، دەستتێوەردانى بیانى لە ئۆکرانیا قبوڵنەکراوە و بەهیچ شێوەیەک گفتوگۆى لەبارەوە ناکەن.

مارک رووتە، سکرتێری گشتیی پەیمانی باکووری ئەتڵەسیی ناسراو بە ناتۆ، رایگەیاند، پێویستە رێگری لە ڤیلادیمیر پوتن، سەرۆکی رووسیا، بکەن بەهێزتر ببێت.

لەمیانی بەشداریکردنی لە کۆنفرانسێکى تایبەت بە ئاسایش لە پراگی پایتەختی چیک، سکرتێری گشتیی ناتۆ باسی لە مەترسییە ئەمنییەکانی سەر ئۆکرانیا کرد لەلایەن رووسیاوە و جەختیکردەوە، ئۆکرانیا وڵاتێکی سەربەخۆ و خاوەن سەروەرییە و دەیانەوێت ئاسایشی خاکەکەی گەرەنتى بکەن.

سکرتێری گشتیی ناتۆ، راشیگەیاند، بۆ دابینکردنى ئاسایشی ئۆکرانیا پێویستە رێگری لەوە بکەن پوتن بەهێزتر ببێت، وەکخۆی دەڵێت، پوتن تەنیا وەک حاکمی ویلایەتێکی تەکساسە و لەوە زیاتر نییە.

لەبارەی ئەگەری ناردنی هێز لەلایەن وڵاتانی ئەندامی ناتۆوە بۆ ئۆکرانیا وەک بەشێک لە پاکێجی گەرەنتى کردنى ئاسایشی ئەو وڵاتە، مارک رووتە گوتی، ئەوان پێویستیان بە وەرگرتنی مۆڵەت نییە لە رووسیا ئەگەر بیانەوێت ئەو هەنگاوە بنێن، دەشڵێت، ئەو بڕیارە دەبێت ئۆکرانییەکان بیدەن و هیچ پەیوەندیی بە رووسیاوە نییە.

ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی، وەڵامی داواکەی کیێڤ و ئەوروپای بۆ دابینکردنى ئاسایشی ئۆکرانیا دایەوە و رایگەیاند، ئەو گەرەنتییەی ئۆکرانیا داوای دەکات، مەترسیی بۆ ئەوروپا دروستدەکات و مۆسکۆ ئامادە نییە گفتوگۆ لەسەر داواکاریی هێنانی هێزی بیانی بۆ ئۆکرانیا بکات.

مانگی رابردوو، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، هەوڵەکانی بۆ راگرتنی جەنگی ئۆکرانیا دەستپێکرد و گەرەنتى ئاسایشی ئۆکرانیای وەک بنەمایەکی گرنگ بۆ نزیککردنەوەی رووسیا و ئۆکرانیا پێناسەکرد و رووسیاش رەزامەندی نیشاندا.