سوپای عێراق پاش 22 ساڵ دۆڵی حۆرانی لە نزیک سنووری سعودیە کۆنترۆڵکرد
پاش 22 ساڵ بۆ یەکەمجار سوپای عێراق دۆڵی حۆرانی لە پارێزگاى ئەنبار لەسەر سنووری عێراق – سعودیە بە تەواوەتی کۆنترۆڵکرد.
تەحسین خەفاجی، بەڕێوەبەرى راگەیاندنی وەزارەتی بەرگریی عێراق رایگەیاند، دۆڵی حۆران بە تەواوەتی لەلایەن هێزەکانیانەوە کۆنترۆڵکراوە و هیچ مەترسییەک لەو ناوچەیەدا نییە و دۆخەکە سەقامگیرە.
بەگوتەی خەفاجی، هێزەکانی سوپای عێراق هێڵێکی بەرگریان لە دۆڵی حۆران دروستکردووە، کە ریگری دەکات لە هەموو جموجوڵێکی "تیرۆریستان" لەو ناوچەیەوە بە ئاڕاستەی شارەکان.
دۆڵی حۆران رووبەرەکەی 369 کیلۆمەترە و دەکەوێتە نزیک سنوورەکانی عێراق لەگەڵ سعودیە، لە پاش ساڵی 2003ـەوە مۆڵگەی گرووپە چەکدارەکان بووە، هێزە عێراقییەکان نەیاندەتوانی ئەو ناوچەیە بە تەواوەتی کۆنترۆڵ بکەن و بە یەکێک لە مەترسیدارترین ناوچەکانی عێراق دادەنرا لەڕوویی ئەمنییەوە.
لە دۆڵی حۆران رووبەڕووبوونەوەی زۆر لەنێوان هێزە عێراقییەکان و گرووپە چەکدارەکاندا روویداوە و زیانی زۆر بەر هێزە عێراقییەکان کەوتووە.
رۆژی 20ـی کانوونی یەکەمی 2013 بەهۆی پێکدادانی نێوان هێزەکانی سوپای عێراق و گرووپە چەکدارەکان، 24 ئەندامی سوپا کوژران، کە فەرماندەی فیرقەی حەوتی سوپای عێراق و جێگرەکەی و بەڕێوەبەرى هەواڵگری پارێزگای ئەنبار و هەشت ئەفسەری دیکەی باڵایان تیادابوو.
هەروەها رۆژی 22ـی حوزەیرانی 2014، چەکدارانی داعش لە رێگەی 50 ئۆتۆمبێلەوە لە دۆڵی حۆرانەوە هێرشیانکردە سەر شارۆچکەی رەتبە و پاش پێکدادانێکی قورس لەگەڵ هێزە عێراقییەکاندا، ئەو شارۆچکەیەیان کۆنترۆڵکرد.
05/09/2025